مەکۆى ئاشتى
هل تريد التفاعل مع هذه المساهمة؟ كل ما عليك هو إنشاء حساب جديد ببضع خطوات أو تسجيل الدخول للمتابعة.

مەکۆى ئاشتى

ئاشــــــــــتى
 
الرئيسيةالبوابةأحدث الصورالتسجيلدخول

 

 ئيمبراتوري عوسماني ( بةشي دووەم )

اذهب الى الأسفل 
كاتب الموضوعرسالة
Ahmad
Admin
Ahmad


المساهمات : 117
تاريخ التسجيل : 19/03/2015

ئيمبراتوري عوسماني ( بةشي دووەم ) Empty
مُساهمةموضوع: ئيمبراتوري عوسماني ( بةشي دووەم )   ئيمبراتوري عوسماني ( بةشي دووەم ) Icon_minitime1الإثنين مايو 11, 2015 2:28 am



سوڵتان سەلیمی سێیەم

سەردەمی چاکسازیی ڕاست ودروست لە سەردەمی سولتان سەلیمی سێیەم دەستی پێردکە لە پێشەنگی چاکساز وسەرکردە ڕاستیەکانی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، وئەوانی دوای خۆی ڕێگای ئەمیان گرت، وچاکسازیەکانی ھەموو ڕوویەکی ژیانی گرتەوە، لە بەڕێوەبردن وڕۆشنبیری وئابوری وکۆمەڵایەتی وسەربازی. وخاوەن ڕۆشنبیریەکی فراوان بوو، کاتێک ھاتە سەر حوکم سەروەتەکانی وڵات لە ئاستیکی نزمدا بوو، وعوسمانیەکان لەشەڕدا بوون لەگەڵ نەمسا وڕوسیا بەڵام لێرەدا چاودێری قەدەر ھات وشۆڕشی فەڕەنسا ھەڵگیرسا، ئیمپراتۆری نەمسا ترسا لەوەی بگاتە وڵاتەکەی ئەویش، ڕێکەوت لەگەڵ عوسمانیەکان وبەلەگراد و وڵاتی سربی گەڕاندەوە بۆیان، سوڵتان سەلیم سودی لە پێشکەوتنی ڕۆژئاوا وەرگرت و بیرۆکەی ڕژیمی سەربازی دانا لە جێگەی سوپای ئینکیشاری کە بووبونە سەرچاوەیەک بۆ ئاژاوە و شکست وقەڵای نوێی بنیاتنا وکەشتی لەسەر شێوەی فەرەنسی دروستکرد وداوای یارمەتی سویدی کرد بۆ دانانی تۆپخانە، وسەرچاوە زانتسیەکانی بیرکاری و ھونەری سەربازی وەرگێڕا، ڕژێمێکی ھەڕەمی دانا بۆ سەرکردایەتی سەربازی، ئاسایی بوو کە ناڕەزایی دروست بێت لەلایەن پارێزگارەکانەوە بۆ ئەم یاسا نوێیانە، ئینکیشاریەکان شۆڕشیان لێکرد لەبەر ئەو یاسا سەربازیە نویێە وازیان نەھێنا بە لابردنی سوڵتان بەڵکو کوشتیشیان لەسەر فەرمانی جێنشینەکەی.
لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی سوڵتان سەلیمی سێیەم، ھەڵمەتە فەڕەنسیەکان بوو بۆ سەر میسر بە سەرکردایەتی ناپۆلیۆن بۆناپارت، بەم شێوەیە دوژمنەکانی دوێنێ بوونە ھاوڕێ وبە پێچەوانشەوە، ھاوڕێیەتی فەڕەنسی عوسمانی کۆتایی ھات کە لە سەردەمی سوڵتان سلێمان قانونی کرابوو، وڕوسیا وبەریتانیا ڕێکەوتن لەگەڵ عوسمانیەکان بۆ دەرکردنی فەڕەنسا لە میسر، ھەر لەم سەردەمەدا کۆمار سەربەخۆی یۆنان پێک ھات لە ژێر چاودێری عوسمانیەکان.
لەم کاتەدا مستەفای چوارەم عەرشی عوسمانی گرتە دەست، بەڵام زۆری نەخایاند ئینکیشاریەکان لایاندا ومەحمودی برایان لە جێگەی دانا.

سوڵتان مەحمودی دووەم

لەم سەردەمە ڕووداوی گرتگ ڕوویدا لە ئاستی ناوخۆ ودەرەوە، ئەو لاوازیەی گەورەیەی دەوڵەتی عوسمانی گرتبوویەوە دوو ئاڕاستەی تیا دەرکەوت، یەکەمیان، ئەگەڕایەوە بۆ ئەو لاوازیەی دەوڵەتی عوسمانی گرتەوە بە ھۆی دوورکەوتنەوە لە ئیسلامەوە، ودووەمیان، لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانەی ئەوروپا تا عوسمانیەکان بگەن بە پێشکەوتن. لە ئەنجامی ئاڕاستەی یەکەمیاندا بزوتنەوەی وەھابی دەرکەوت لە نیمچە دوورگەی عەرەبی،بانگەوازی پاککردنەوەی ئیسلامی ئەکرد لە ھەموو ئەو شتانەی خۆیان پیا ھەڵواسیوە بە دریژایی سەدەکان، سوڵتان محەمەد بە پێویستی زانی ئەم کۆمەڵەیە لەناو ببات کە ئەترسا وشەی ئیسلام جیابکەنەوە، محەمەد عەلی پاشای والی میسری ڕاسپارد بە دەستگرتن بەسەریاندا، ئەویش ئەوەی ئەنجامدا کە داوای لێکرابوو، وبزوتنەوەکەی لەناوبرد، ولە سەرەتای سەردەمی مەحمودی دووەمدا چەند دەوڵەتێکی ئەوروپا سەربەخۆییان ڕاگەیاند لە دەوڵەتی عوسمانی، کە سەرەتای جیابوونەوەی ئەوروپای ڕۆژھەڵات بوو لە دەوڵەتی عوسمانی، کاتێک سربیەکان دووجار شۆڕشیان کرد وداوای سەربەخۆییان کرد، دووجار دەوڵەتی عوسمانی لەناوی بردن، وپاشان بەڵێنی دا دەست وەرنەداتە کاروباری ناوخۆی سڕب، ودەسەڵاتی عوسمانی لە سڕبدا تەنھا لەسەر یەک قەڵا بێت، خێرا بە دوای ئەوە عەلی پاشای والی شاری یانیەی ئەلبانیا شۆڕشی کرد، سوڵتان سوپایەکی بۆ نارد توانیان دەستی بەسەرا بگرن ولەسێدارەیاندا، کێشەکان لە کۆڵ دەوڵەتی عوسمانی نەبوونەوە، یۆنانیەکان شۆڕشیان کرد بۆ سەربەخۆبوون، وئەو تیپە سەربازیە عوسمانیانەی نێرابوون بۆ سەرکوتکردنیان تێک شکان، لەبەر ئەوە سوڵتان داوای لە محەمەد عەلی پاشای والی میسر کرد شۆڕشی یۆنان خامۆش کات، کە ئەویش بەدەم داواکەوە چوو وکەشتی جەنگی نارد بۆ یۆنان، وتوانی سەرکەوتنی گەورە بە دەست بھێنێت بەسەر یۆنانیەکاندا، لەگەڵ ئەوەی یۆنانیەکان شۆڕشەکەیان سەرکەوت وسەربەخۆیی ولاتەکەیان جیا کردەوە لە دەوڵەتی عوسمانی دوای ئەوەی یارمەتیانەی لە وڵاتە ئەوروپیەکانەوە پێیان گەیشت، ھەروەک کەشتیگەلی عوسمانی تیک شکا لە شەڕی ناڤارین ساڵی ١٨٢٧ز لەسەر دەستی کەشتیە بەریتانی وڕوسیەکان. ئەم سەردەمە جیا دەکرێتەوە بە دارمانی خێرای دەوڵەتی عوسمانی و لە دەستدانی زۆربەی دەستکەوتەکانی لە ئەوروپادا، سوڵتان مەحمود چەند چاکسازیەکی گەورەی ئەنجامدا تا دەوڵەتەکەی لە ئاستی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بێت لەبەرەوپێشچوندا، یەکەم ئیش کردی ھەڵوەشاندنەوەی ئینکیشاریەکان بوو، کە ھەوڵی یاخی بوونیان دا وکۆبوونەوە لە مەیدانەکانی ئەستانە، عوسمانیەکان تۆپبارانیان کردن، وسوڵتان دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر ئینکیشاریەکاندا، ڕژێمێکی سەربازی نوێی وەک ئەوروپیەکانی ڕاگەیاند، ھەروەک سوڵتان چەندین خوێندنگەی نوێی دامەزراند ودەستی ھەیئەی ئیسلامی لابرد لەسەر سەرپەرشتی فێربوون وخوێندکارانی ناردە دەرەوە بۆ خوێندن، وڕووی وڵاتی کردە تەقالیدەکانی ئەوروپا تەنانەت لە جل وبەرگدا.

داستانى ناڤارین لە نێوان کەشتیگەلى عوسمانى وئەوروپى، بە فڵچەى لویس ئەمپڕاوز.
ڕوسیا بڕیاری شەری دا لەگەڵ عوسمانیەکان دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی دانی نەنا بە بریارەکانی کۆنگرەی لەندەن کە ئاماژەی بە سەربەخۆیی یۆنان کرد، ڕوسیا توانی بەگدان و ئەفلاق داگیر بکات وگەیشتە شاری ئەدەرنە وھەڕەشەی ڕوخانی ئەستانەی ئەکرد، بەریتانیا وفەڕەنسا ھاتن بۆ ئەوەی ڕوس بوەستینن لەبەرەو پێشچوون لە ترسی بەرژەوەندی خۆیان لە ڕۆژھەڵات، ڕێکەوتنی ئەدرنە ڕوویدا لە نیوان ڕوس و عوسمانی کە بڕیار درا ڕوسیا زەویەکانی داگیری کردووە بگەرێنێتەوە بۆ عوسمانیەکان، بەرامبەر ئەوەی ڕوسیا قەرەبوو بکریتەوە لەو زیانانەی لێی کەوتووە وچەند تایەتمەندیەکی ھەبێت، وڵاتی سڕب سەربەخۆیی بدرێتێ ودەوڵەت ھەموو قەڵاکانی بۆ بگەڕێنێتەوە، و لە ناوەڕاستی ساڵی ١٨٣٠ز پەیوەندی نێوان عوسمانی و فەڕەنسیەکان تێکچوو جارێکی تر، کە فەڕەنسا دەستی گرت بە سەر جەزائیردا بە بیانووی ڕێگرتن لە دوژمنایەتی موسڵمانان بۆ کەشتیە بازرگانیەکانی، بەم شێوەیە دەوڵەتی عوسمانی جەزائیری بەتەواوی لەدەستدا لەگەل ئەو بەرەنگاریە گەورەیەی بە سەرکردایەتی عەبدول قادر جەزائیری کردیان بۆ ماوەی ١٧ ساڵ ناچاربوون خۆیان بەدەستەوە بدەن. لەدوای کەوتنی جەزائیر کێشەکان بەردەوام بوون لە دەوڵەتی عوسمانی کە والی میسر محەمەد عەلی پاشا تەماعی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی گرتی لە کاتێکا بەھێزترین والی عوسمانیەکان بوو لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبی، کە پیشتر سوڵتان مەحمود بەڵێنی ولایەتی شامی بە محەمەد پاشا دابوو لە بەرامبەر خزمەتەکانیا بەڵام دواتر پاشگەزبوویەوە لەو بەڵێنە کاتێک ھەستی کرد بوونی محەمەد پاشا لە شام خۆی مەترسیە بۆ دەوڵەتی عوسمانی، محەمەد عەلی بڕیاری دا کە ولاتی شام بەزۆر بگرێت، سوپاکەی نارد بەرەو فەلەستین وگرتی پاشان رۆیشت بەرەو کەنارەکانی لوبنان ویەک لە دوای یەک گرتنی،وبەخێرایی ڕۆیشت بەرەو سوریای ناوەڕاست وباکور، وسوپاکەی ڕۆیشتن بەرەو ئەنادۆڵ وھێزە عوسمانیەکانیان لە قۆنیە شکاند، کە ھەموو جیھان بینیان کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی نزیکە. لە دوای شکستی قۆنیە سوڵتان مەحمود داوای یارمەتی ئەوروپای کرد، کەس داواکەی قبوڵ نەکرد ڕوسیا نەبێت، ١٥ ھەزار سەربازی نارد بۆ ئەستانە بۆ بەرگری کردن، ئەمەش بەریتانیا وفەرەنسای ترساند لە کاریگەری ڕوسیا لەبەر ئەوە ھاتنە نێوانیانەوە بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ محەمەد عەلی پاشا، کە سوڵتان محەمەد عەلی کردە والی میسر و دوورگەی کریت وفەلەستین ولوبنان وئەدەنە. بەم شێوەیە کاریگەری روسیا بڵاوبوویەوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا دوای ئەوەی ڕێکەوتن لەگەڵ عوسمانیەکان بیپارێزن لە ھێرشی میسریەکان وئەوانی تر. دواین رۆژەکانی سوڵتان مەحمود ھەولی گەڕانەوەی میسر و شامی دا و سوپایەکی نوێی کۆکردەوەوکاتێک لە فوراتەوە ھێرشی کردە سەر شام توشی کارەساتێک ھاتن وسوپای میسری شکاندنیان لە شەڕی نەسیبین ساڵی ١٨٣٩ز، بەڵام سوڵتان چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی ھەواڵی ئەم شکاندنەی پێ بگات وەفاتی کرد.

سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم

سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم لە دوای باوکی (مەحموودی دووەم) ھاتە سەر حوکم، لاویک بوو لە تەمەنی ١٨ ساڵیدابوو، دەوڵەتی عوسمانی لە لێواری ڕوخاندابوو، بێ سوپا بوو بە ھۆی شکستی سوپای عوسمانی بەرامبەر میسریەکان، ھێزە چەکدارەکانیان پەرش وبڵاوبوونەوە وبێ کەشتیگەل بوون دوای ئەوەی کەشتیگەلە عوسمانیەکان ملکەچی کەشتیگەلە میسریەکان بوون لە ئەسکەندەریە، سوڵتان ویستی خیرا ڕێبکەوێت لەگەڵ محەمەد عەلیدا بەڵام فەرنسا پیی وت بە بێ ڕاوێژی ئەوان ھیچ بڕیارێکی لەسەر نەیات، وبەڵێنی دا بکەوێتە نێوانیانەوە وسوڵتان ڕازی بوو، پاشان ھەر یەکە لە بەریتانیا وڕوسیا وپروسیا ونەمسا کۆبوونەوە وڕێکەوتنێکیان کرد لەگەڵ عوسمانیەکان، بە محەمەد عەلیان وت تەنھا میسر بۆ خیزانەکەی ئەو ئەبێت وعەکا ھەتا خۆی لە ژیاندایە لە ژێر دەستیا ئەبێت، محەمەد عەلی ئەمەی ڕەتکردەوەو ونوێنەرە ئەوروپی ونوێنەری عوسمانیەکانی دەرکرد لە میسر، لەسەر ئەوەوە ھێزە بەریتانی ونەمساوی وعوسمانیەکان ھێرشیان کردە سەر کەنارەکانی شام وسەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر ھێزەکانی محەمەد عەلی ھینا بە سەرکردایەتی ئیبراھیم پاشا، وناچاری گەڕانەوەیان بۆ میسر کرد، بەمە شام گەڕایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، سەرکردایەتێکی ناوی ھەبوو بەسەر میسرەوە، لە دوای ئەم کێشەیە دەوڵەتە ئەورپیە گەورەکان ڕێکەوتێکیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کرد ناسراوە بە ڕێکەوتنی لەندەنی تایبەت بە گەرووەکان، کە یاسای ئەم ڕێکەوتنە مایەوە بەسەر گەرووە عوسمانیەکانەوە بێ ئەوەی گۆڕانکاری جەوھەری تیا بکرێت تا جەنگی جیھانی یەکەم. لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیددا چەند ئاژاوەیکی ناوخۆ ڕوویاندا، ودەوڵەتەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر بوو، کە تەماعی دەوڵەتە ئەوروپیەکانی زیاد کرد بۆی، وئەوروپیەکان پلانیان دانا بۆ دابەشکردنی لە داھاتوودا.

کێشەی ڕۆژھەڵاتی لە کۆتایی سەدەی ھەژدەوە ئەم شێوازەی ئێستای وەرگرت، لەگەڵ ھاتنەدواوەی فراوانبونی عوسمانی لە ئەوروپادا ولەدەستدانی سەرکەوتنە سەربازەکانیان بەسەر دەوڵەتە ئەوروپیەکاندا بە تایبەت لە بەرامبەر نەمسا وڕوسیا. بۆ ئەمەش سێ ھۆکار ھەبووو لاوازی زۆری دەوڵەتی عوسمانی، ودەرکەوتنی چەند نەتەوەیەکی بچوکی مەسیحی لە باڵکان، ئاژاوە ناوخۆییەکان لە ھەندێک لە ولایەتەکان، وھەموو ئەم ھۆکارانە ڕێگەیان خۆش کرد بۆ ئەوروپا تا دەستێوەردان بکەن لە کاروباری ناوخۆی عوسمانی وبە پێی بەرژەوەندی خۆیان بیجوڵێنن، و لەگرنگترین ئەو ڕووداوانەی ئەوروپا سودیان لێوەرگرت، ئەو ئاژاوە تائیفیە بوو کە لە وڵاتی شام ڕوویدا لە چلەکانی سەدەی نۆزدەدا، وگەیشتە لوتکە لە شاخی لوبنان، فەڕەنسا ھاتە ناوەوە بە بیانووی پاراستنی کاسۆلیک بە تایبت موارنە، وبەریتانیا ھاتە ناوەوە بۆ پشتگیری دڕوز، وروسیا بۆ پشتگیری ئەرسەدۆکس، چەند کوشتارگەیەکی گەورە ڕوویاندا لە ولاتەکەدا، دواتر جەنگی قەڕم کە ساڵی ١٨٥٤ز دەستی پێکرد لە نیوان ڕوسیا ودەوڵەتی عوسمانی لە گرنگترین قۆناغەکانی کێشەی ڕۆژھەڵات بوو، ئەم شەڕە قەیرانیکی دروست کرد لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا، ھاوپەیمانیە سیاسیەکان گۆڕان، بەریتانیا وفەڕەنسا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی وەستان بۆ پاراستنی زەویەکانی لە دژی ڕوس. لە کۆتاییەکانی سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەمدا، ئاژاوەیەکی تائیفی گەورە لە شام بڵاوبوویەوە لە دیمەشق وبیقاع وشاخی لوبنان لە نێوان مەسیحی وموسڵمانەکان بە گشتی ودروز وموارنە بە تایبەتی، کوشتارگەی گەورە ڕوویدا لە نیوانیان وژمارەی قوربانیەکان گەیشتە ١٢ ھەزار کەس، نوێنەرەکانی بەریتانیا وفەڕەنسا ھەردوو لایان ھانئەدا بۆ تۆڵە سەندنەوە وشۆڕشکردن، سوڵتان ترسا لە دەستێوەردانی دەرەوە، داوای لە بەرپرسە عوسمانیەکانی دیمەشق وبەیروت کرد کە بەپەلە بێدەنگیانکەن، وبەباشی داواکەیان جێبەجێ کرد، ودەوڵەتە ئەوروپیەکان فشاریان خستە سەر سوڵتان کە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ھێمنی بۆ شاخەکانی لوبنان ودیمەشق، ، سوڵتان عەبدول مەجید کۆچی دوایی کرد ساڵی ١٨٦١ز، دوای ئەوەی چەند چاکسازیەکی باشی کرد، دیارترینیان فەرمانی یەکسانی ئاینی بوو لە نێوان ھەموو دانیشتوانی دەوڵەتەکەیدا لە ساڵی ١٨٥٦زدا دەرچوو و بارودۆخی عوسمانیەکانی باش کرد وژمارەی خوێندەوارەکانی زیاد کرد، کە دواتر یارمەتی ژیانەوەی ئابوری دەوڵەتەکەی دا.

سوڵتان عەبدول عەزیزی یەکەم

موبایەعە درا بە عەبدول عەزیزی یەکەم بۆ گرتنە دەستی خەلافەت دوای مردنی عەبدول مەجیدی برای، لەم سەردەمەدا کەناڵی سوەیس کرایەوە وئەو شۆڕشەی لە دوورگەی کریت ھەڵگیرسا خامۆشکرا، وئەم سوڵتانە زۆر ئەگەڕا بە وڵاتەکانی دەرەوەدا، سەردانی میسر وفەڕەنسای کرد وھەوڵیدا ڕوسیا لە خۆی نزیک بکاتەوەتا ئەوروپا بترسێنێت، بەڵام لابرا بە پێی فەتوایەکی شەرعی بەھۆی ئەوەی پارەی دەوڵەت بە فیڕۆ ئەدات.
پاشان موڕادی برای دەسەلاتی گرتە دەست وسێ مانگ زیاتر بەردەوام نەبوو، لابرا بەھۆی ناھاوسەنگی عەقڵیەوە.

سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم

لە دوای موڕادی پێنجەم موبایەعە درا بە عەبدول حەمیدی دووەم، لەو کاتانە وڵات بە ئەزمەی گەورە وکێشەی ئابوریدا تێئەپەڕی،ئەزمەکان ھەڕەشەیان لە دەوڵەتەکە ئەکرد، بیرۆکەی جیابوونەوە پەرەی سەند وبۆ نەتەوەیی مانایەکی نوێ دروست بوو و بیرۆکەکەی گەشەی سەند لە ھەموو ولایەتەعوسمانیەکاندا،شۆڕش نوێ بوویەوە لە بۆسنەوھێرزۆگۆڤین، وبەردەوام بوو لە بولگاریا، سڕب وشاخی ڕەش لە شەڕدا بوون لەگەڵ دەوڵەت، لەبەر ئەم ھۆکارانە دەوڵەتە ئەوروپیەکان فرسەتیان ھێنا بێنە ناوەوە بەناوی ئەوەی ئاشتی بێننە کایەوە. ڕوسیا ونەمسا ھانی سڕب وشاخی ڕەشیان دا تا شەڕ بکەن لە دژی عوسمانیەکان، وروسیا بەڵێنی بە نەمسا وسڕب وشاخی رەشدا لەڕیزیاندا بوەستیت ئەگەر شەر بکەن لەگەڵ عوسمانیەکان، وشەڕ ڕوویدا لە نێوانیان وسوپای عوسمانی توانیان سەرکەوتنیان بە سەردا بھێنن، بەڵام دەستێوەردانی ئەوروپا شەڕەکەی وەستان، دەوڵەتە ئەوروپیە گەورەکان لیستێکیان خستە بەردەستی دەوڵەتی عوسمانی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی مەسیحیەکان، دەوڵەت لیستەکەی ڕەتکردەوە، لەبەرئەوەی ئەمە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بوو لە کاروباری دەوڵەت، ڕوسیا فرسەتی ھێنا وئەم ڕەتکردنەوەیەی بە ھۆکارێکی تەواو دانا بۆ شەڕ، ئەمجارە ئەوروپا یارمەتی خۆی پێشکەشی ڕوسیا کرد تا چی ئەویت بیکات بە عوسمانیەکان، ئەفلاق وبەگدان وبولگاریای داگیرکرد وگەیشتە ئەدەرنە ونزیک بوویەوە لە ئەستانە، وسوپاکەی ناردە ئەنادۆڵەوە، وسڕب وشاخی ڕەش شەریان ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، عوسمانیەکان داوای ڕێکەوتنیان کرد وڕێکەوتنی سان ستیڤانۆیان لەگەڵ روسدا کرد، کە تیایدا سەربەخۆیی سڕب و شاخی رەش وئەفلاق وبەگدان و بولگاریایان ڕاگەیاند، دواتر ئەم رێکەوتنە گۆڕانکاری تیا کرا لە کۆنگرەی بەرلیندا، کە زۆر لە خاکەکانی دەوڵەتی عوسمانیان دابڕی لێی، بڕیارەکانی کۆنگرەی بەرلین لاوازی دەوڵەتی عوسمانی دەرخست، یەکە سیاسی ونەتەوەییەکان ئەم لاوازیەیان قۆستەوە، لەم کاتانەدا تونسیان لە دەستدا کە فەڕەنسا داگیری کرد، پاشان قوبرسیان لە دەستا دوای ئەوەی بەریتانیا گرتی،میسر وسۆدانیشیان لە دەستدا بە بیانووی پاراستنی دەوڵەتی عوسمانی. گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی عەبدول حەمید ئەزمەی ئەرمەنی وھەڵایسانی بزوتنەوەی سەھیۆنیەت بوو، کە ھەستان بە شێواندنی وێنەی دەولەتی عوسمانی وسوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم، داوای بنیاتنانی دەوڵەتی یەھودیان کرد لە فەلەستین وھانی یەھودیان دا کۆچی بۆ بکەن، بەڵام سوڵتان عەبدول حەمید بڕیاری ڕێ لێگرتنی بۆ دەرکردن، بەڵام لە کۆتاییدا لەژێر فشاری دەوڵەتە ئەوروپیەکانا ھەڵیانوەشاند.

سەردەمی ھەڵوەشان وکۆتایی دەوڵەت

بیرە نەتەوەیەکان بە تەواوی دەستیانگرت بەسەر دوایین سەردەمەکانی عەبدول حەمیدی دووەم، کۆمەڵەی ئیتیحاد وتەرەقی دامەزرا کە کاریگەری گەورەی ھەبوو لەناو دەوڵەتەکە، زۆر لە ئەفسەرەکان چوونە ناویەوە، سوڵتان عەبدول حەمید ویستی بەرگریان بکات وزانکۆی ئیسلامی دامەزراند بەڵام شکستی خوارد لەبەردەمیاندا، بە تایبەت دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر زۆربەی سوپادا، ئیتیحادیەکان ڕاگەیاندنی دەستورێکی نوێیان سەپاند بەسەر سوڵتاندا تا جێگەی دەستوری یەکەم بگرێتەوە کە لە ساڵی ١٨٧٦ز ڕاگەیەندرابوو، دەستورەکە ڕاگەیەنرا وئیتیحادیەکان دەستیان گرت بەسەر زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان، کە بینیان سوڵتان ڕێگرە لە بەردەمیاندا، لایانبرد ومحەمەدی پینجەم لە جیگەی دانرا.
محەمەدی پێنجەم (محەمەد ڕەشاد) ھاتە سەر حوکم ودەوڵەت لە تیاچووندا بوو، ئیتیحادیەکان حاکم بوون بە کردار، لەم کاتانە دەوڵەت زۆربەی زەویەکانی لە دەستدا لە ئەوروپا، بیری نەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشەی ئەسەند وحاڵی وڵات لە ئیفلاسدا بوو بەھۆی شەرە یەک لە دوای یەکەکان، ئەوروپیەکان دەستیان گرتبوو بەسەر سەروەتی دەوڵەتدا بۆ دانەوەی قەرزەکانی خۆیان، لە ھەمان سالدا لەبەر ئەوەی محەمەد ڕەشاد عەرشی گرتە دەست، ئیمپراتۆری نەمساوی مەجەڕی دەستی گرت بەسەر بۆسنە وھێرزۆگۆڤین،دوای سێ ساڵ ئیتاڵیا ھێرشی کردە سەر لیبیا، دوایین موڵکی عوسمانیەکان لە باکوری ئەفریقیا، عوسمانیەکان بە ھەموو توانایانەوە بەرگریان لێکرد بەلام نەیانتوانی ھیچ بکەن، لەدەستیاندا دوای ساڵیک شەری قورس، پاشان شەڕی بەلقانی یەکەم ھات کە سڕبیا وشانشینی شاخی رەش ویۆنان وبولگاریا گەورەیان کرد و دەوڵەت دوایین موڵکەکانی لە بەلقان لە دەستدا بێجگە لە تراقیای ڕۆژھەڵات وشاری ئەدەرنە، نزیکە ٤٠٠،٠٠٠ موسڵمانی دانیشتووی ئەو وڵاتە ھاتن بەرەو تورکیا لە ترسی ئەوەی سەربازەکانی دوژمن ئەیانکرد، لەم کاتانە کۆمەلەی ئیتیحاد وتەرقی ھەوڵی بەتورک کردنی ئەو نەتەوانەیاندا کە لە ژێر سێبەری دەوڵەتی عوسمانیدا ئەژیان، وەک عەرەب وکورد وشەرکەس وئەرمەن، لە ساڵی ١٩١٣ز عەرەبە نەتەوەییەکان کۆنگرەیەکیان لە پاریس بەست و دڵنیای خواستی عەرەبیان کردەوە لە پاراستنی یەکڕیزیی دەوڵەتی عوسمانی بە مەرجێک حوکمەت دان بنیت بە مافەکانیاندا، ئیتیحادیەکان بەڵینی ئەوەیان بە عەرەب دا بەڵام نەھاتە دی لەبەر ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی یەکەم.

جەنگی جیھانی یەکەم

شەرانگێزی جەنگی جیھانی یەکەم دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩١٤ز، کاتیک ئەرشیدۆق فڕانز فەردیناند، وەرگری تەختی شاھانەی نەمساوی مەجەڕی لە سەرایڤۆی بۆسنەی سەر بە نەمسا کوژرا لەسەر دەستی یەکێک لە نەتەوەییە سڕبیەکان، ئیمپڕاتۆری نەمسای مەجەڕی، سڕبیای بە بەرپرسی ئەو کوشتنە دانا، ڕوسیا ھاتە ناوەوە بۆ پاڵپشتی سێربیا کە فەڕەنسا پاڵپشتی ئەکرد وئەڵمانیا جوڵا لە دژیان، پاشان بەریتانیا ھاتە شەڕەکەوە دوای ماوەیەکی کەم، وھاوپەیمانیەکان پێکھاتن، دەوڵەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا ونەمسا وبولگاریا، دوای ئەوەی ھیوای ئەوەیان لە دەستدا کە لە فەڕەنسا وبەریتانیا نزیک بێنەوە، وشکستی خوارد لەوەی قەرزیان لێوەربگرێت، ودەوڵەتەکە لەرووی سیاسیەوە لادرا دوای شەڕەکانی بەلقان وئیتاڵیا، ھیچ ھەڵبژاردنیکیان نەبوو بێجگە لەوەی ئەڵمانیا نزیک ببنەوە کە بەرژەوەندی ئەبینی لە بڵاوبوونەوە لە ڕۆژھەلاتدا، لە ١٠ی ئابی ١٩١٤ز دەوڵەتی عوسمانی بە تەواوی چووە شەری جیھانی یەکەمەوە، کاتیک رێگەی بە ئەڵمانیا دا لە دەریای ناوەڕاستەوە بڕۆن بە گەرووی دەردەنیلدا بەروە دەریای ڕەش، ئەڵمانیا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا لەلای ڕوسیاوە، ئەمەش ھیوای خستە دڵی ئیتیحادیەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو زەویانەی لەرامبەر ڕوسدا لە دەستیان دابوو ھێرشیان کردە سەر بەندەرەکانی ڕوسیا لە دەریای ڕەشدا، ڕوسیا شەری ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان محەمەد شەری ڕاگەیاند وداوای لە موسڵمانان کرد بۆ تێکۆشان، بەڵام ئەوە نەھاتە دی چونکە زۆربەی موسڵمانەکانی جیھان لەژێر دەستی ئیستعماری بەریتانیا وفەرەنسادا بوون، ھێزە ئیستیعماریەکان زۆریان کردبوونە سەرباز لە سوپاکانی خۆیاندا، سوپای عوسمانی لە زۆربەی لاوە چوونە شەڕەوە بێ ئەوەی ئامادەکاری تەواویان بۆ کرد بێت، لەلای ڕوسیاوە تێکشکان، لە باشورەوە بەریتانیەکان لە فاوەوە ھاتنە کەنداوی عەرەبی ودەستیان گرت بە سەر عێراقدا،بەڵام پڕۆسەی نۆکەندی سوێس پیش کاتی خۆی تەقیەوەو عوسمانیەکان لەگەڵ میسریەکان ڕێکەوتن بۆ شەڕی بەریتانیەکان بەلام شکستیان خوارد، کەشتیگەلی ھاوپەیمانان ھێرشیان کردە سەر گەرووی دەردەنیل لە ھەنگاوێدا بۆ دەستگرتن بە سەر ئەستانە ودەرکردنی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕدا، ئەم کەشتیگەلە گەورەیە نەیتوانی گەرووەکە بگرێت، عوسمانیەکان تێکیان شکاندن لە داستانێکی وشکانیدا، کە تەنھا سەرکەوتنیان بوو لە بەرامبەر ئەو ھەموو بێھیوابوونەدا، لەم شەڕەدا مستەفا کەمال دەرکەوت.

لەم کاتانە کیشەی ئەرمەن جارێکی تر سەری ھەڵدایەوە، ئیتیحادیەکان دانیشتووی ناوچە ئەرمەنیەکانی ولایەتەکانی ڕۆژھەڵات و ئەنادۆڵی ڕۆژئاوایان گواستەوە بۆوڵاتی شام،بە ئامانجی پاراستنی ژیانی خەڵکی وپاراستنی ھێزە چەکدارەکان لە ئەگەری ڕوودانی خیانەت لەلایەن ئەوانەی کە پشتی ڕوسیا ئەگرن، ھەندێک لە ئەرمەن خۆبەخشانە چوونە سوپای ڕوسەوە وژمارەیەک لە دانیشتووە موسڵمانەکانیان کوشت، لەبەر ئەوە ئەرمەنە ڕاگوێزراوەکان دووچاری ئازاردان وکوشتن بوونەوە کە ئەم ڕووداوانەش ناسراون بە (کوشتارگەی ئەرمەن). دوای شکستی عوسمانی لە میسردا پەیوەندی نھینی لە نێوان بەریتانیەکان لە میسر و شەریف حسەینی کوری عەلی والی حیجاز و ھەندێک سەرکردەی عەرەبدا ڕوویدا، ڕێکەوتن کە عەرەب شۆڕش بکەن لە تورک لە بەرامبەردا ھاوپەیمانان سەربەخۆییان ئەدەنێ وخەلافەت ئەگەڕێننەوە بۆ عەرەب، لەسەر ئەم ڕێکەوتنە شەریف حسەین شۆڕشی ڕاگەیاند لەسەر تورکەکان، لە حیجاز دەریانکردن وھێزەکانیان نارد تا ھاوکاری بەریتانیا بکات بۆ گرتنی وڵاتی شام. لەم کاتەدا بەرگری تێک شکا لە بەلقان کە وای لە حوکمەتی سۆفیا کرد داوای ئاگربەست بکات، بابی عالی ھەستی بە مەترسی ھەڵوێستەکە کرد لەبەر ئەوەی شەرەکە نزیک بوویەوە لە زەویەکانی تورکیا، عوسمانیەکان ڕێکەوتنی (مودرۆس)یان بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان و لە شەڕ چوونە دەرەوە.

شەڕی سەربەخۆیی تورکی

سوڵتان محەمەدی پێنجەم مرد چەند مانگێک پێش کۆتایی جەنگ، براکەی محەمەد (وەحیدەدین)ی شەشەم ھاتە جێگای، مانگێک دوای ڕێکەوتننامەی مۆدرۆس ھێزە دەریاییە بەریتانی وفەڕەنسی وئیتاڵی وپاشان ئەمەریکیەکان چوونە سەدەی زیڕینەوە، ھێزەکانیان دابەزاند لە ئەستانە کە کردیانە بنکەیەک بۆ چالاکیە سەربازیەکانی ھاوپەیمانان، ودەستیان گرت بەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشدا، وخاکەکانی تورکیایان دابەشکرد، فەڕەنسیەکان میرسین و ئەدەنەیان گرت، وئیتاڵیەکان ئەنتاکیە وکوشاداسی وقۆنیەیان گرت، یۆنانیەکان ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ وتراقیایان گرت، تورکەکان ملیان کەچ نەکرد بۆ داگیرکاری وپڕۆژەکانی، شۆڕش لە ھەموو وڵات ھەڵگیرسا بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی لەخۆ ئەگرت کە مستەفا کەمال سەرکردایەتی ئەکرد، وحوکمەتێکی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال دامەزرا ھەموو یاساکانی حوکمەتی پێشووی ھەڵوەشاندەوە، وسولتان وحوکمەتەکەی خستە دەرەوەی یاسا، سولتان ویستی دەست بگرێت بەسەر ئەم بزوتنەوەیە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
لەو ماوەیەدا سوڵتان ڕیکەوتننامەی سیڤەری ئیمزا کرد لەگەڵ ھاوپەیمانان، بەڵام حوکمەتە کەمالیەکە ڕەتیان کردەوە وپلانیان دانا بۆ ڕزگارکردنی تورکیا وسوڵتان داببڕن لە دەسەڵات، مستەفا کەمال توانی دوای چەند پێکدادانێکی توند لەگەڵ یۆنانیەکان سەرکەوتوو بێت وزەویە داگیرکراوەکانیان لێ بسەنیتەوە، ئاگربەستێکی نوێیان لەگەڵ ھاوپەیمانان گرێدا کە یۆنان دانی نا بە سەرکەوتنەکانی تورکیا، سوڵتان وازی لە ژیانی سیاسی ھینا ووڵاتی بە جێ ھێشت بەرەو ماڵتا ڕۆیشت، لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ز.
عەبدول مەجیدی دووەم عەرشی عوسمانی گرتە دەست، دوای ئەوەی مستەفا کەمال ڕێکەوتننامەی لۆزانی بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان ودەستی لە زۆربەی زەویە عوسمانیە ناتورکیەکان ھەڵگرت، پاشان مستەفا کەمال کەوتە ھەوڵی شکۆدارکردنی خۆی و خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە لە ساڵی ١٩٢٤ز، وعەبدول مەجیدی دەرکرد لە وڵات، بەم شێوەیە دەولەتی عوسمانی ڕوخا دوای ئەوەی ٦٠٠ ساڵ بەردەوام بوو، وخەلافەتی ئیسلامی لەگەڵیا کۆتایی پێھات دوای ئەوەی ١٤ سەدە بەردەوام بوو،

لە نەوەی عوسمانیەکان

دوای ئەوەی مستەفا کەمال عەبدول مەجیدی دووەمی دەرکرد، ھەموو خیزانەکەی لەگەل دەرکرد ودەستی بەسەر موڵکەکانیاندا گرت، ئەوانە چوونە مەنفا وڕێگەی گەرانەوەی بۆ تورکیا لێ قەدەغە کردن، دواتر ساڵی ١٩٧٤ز پەرلەمانی تورکی بڕیاری دەرکرد بۆ بەخشینی ڕەگەزنامەی تورکی بە ھەموو ئەو دوورخراوانەی کە لە نەوەی عوسمانی یەکەمن، پێیان راگەینرا لە رێگەی سەفارەتە تورکیەکانی ئەو ولاتانەی تیایا ئەژیان، لە لیستەکەدا ناوی محەمەد ئۆرخانی کوڕی محەمەد عەبدول قادر ھاتبوو، کە ساڵی ١٩٩٤ز وەفاتی کرد، وناوی (ئۆرتغرۆل عوسمان)ھاتبوو کە بچوکترین نەوەی سولتان عەبدول مەجیدی دووەم بوو، ئۆرتغرۆل عوسمان ناسرا کاتیک وەرگرتنی ڕەگەزنامەی تورکی ڕەت کردەوە دوای ئەوەی چەند جارێک خرایە بەردەمی، ئەیوت، ئەو ھاوڵاتیەکی عوسمانیە، بەلام لەگەل ئەوەشدا ھیوای ھەڵدانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ناکات، وگەڕایەوە تورکیا سالی ١٩٩٢ز کە بۆ یەکەم جار بوو پێ بخاتە وڵاتی دایکەوە دوای نەفی کردنی خۆی وخیزانەکەی لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا، وڕەگەزنامە وناسنامەی تورکی وەرگرت لە ساڵی ٢٠٠٢ز، کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئەستەنبول، ھیچ مناڵێکی لە دوا بە جی نەما، بە مردنی ھیچ کەس نەما لەوانەی کە لە ژیاندا بوون پێش ڕووخانی دەوڵەتەکە، و تورکەکان ناویان نا (دوایین عوسمانی). (ئیبراھیم تۆفیق) حەفیدی حەفیدی سولتان عەبدول مەجیدی یەکەم، بە میراتگری یەکەمی عەرشی عوسمانی دائەنرێت، ھەروەک حوکمەتی تورکیا ئەڵێت، یەکێک لە ھاوڵاتیە ئەمەریکیەکان کە بە نەژاد تورکە، ناوی (عەدنان گڵکور)ە بچوکترین میراتگری عوسمانیە.

ئابوری

عوسمانیەکان دارایی و خەزێنەی دەوڵەتەکەیان ڕێکخست بەباشترین شێوە و چالاکتر بوو لە ھەر دەوڵەتێکی ئیسلامی پێشتر، بەردەوام ڕژێمی داراییەکەیان باشترین ڕژێمی سەردەمی خۆی بوو ولە سەروو ڕژێمی دارایی ھەموو ئیمپراتۆری و کۆمار و مەمالیک و میرنشینەکانی سەردەمی خۆی بوو ھەتا سەدەی ١٧، دەوڵەتە ئەوروپیەکان لەم ڕووەوە پێشی کەوتن، خەزێنەی عوسمانی گەشەی سەند لە سەردەمی زێڕینیاندا، وەزارتێکی تایبەت بە کاروباری داراییان دامەزراند و کەسێک سەرپەرشتی ئەکرد کە پێی ئەوترا (دەفتەردار) دواتر ناسرا بە وەزیری دارایی، لە چاکی بەڕێوەبردنی ھەندێک لە وەزارەتە داراییەکان کاریگەریەکی گەورەیان ھەبوو لە سەرکەوتنی فەتحی سوڵتانەکان و ھەڵمەتە سەربازیەکانیان.

دراو

دراوی عوسمانی لە سەرەتای دەوڵەتەکە بە قروش ناسرابوو کە لە بڕۆنز ومس دروستکرابوو، ولە کۆتایی دەوڵەتەکە لیرە بووە دراوی عوسمانی وناوی سوڵتانی سەردەمەکەیان بۆ زیاد ئەکرد، وەک (لیرەی مەجیدی) و(لیرەی ڕەشادی). ویەک لیرەی عوسمانی بەرامبەر بوو لەگەڵ ١٦٢ قرش. کە سەرەتا لیرەکان ئاڵتونی بوون، پاشان دەوڵەت پارەی کاشی دەرکرد بۆ یەکەم جار لە سەردەمی شەڕی جیھانی یەکەمدا، بە ھۆی ئەو بڕە زۆرەی بۆ شەڕ سەڕفکرا، نرخەکەی دابەزی لە بەرامبەر پارەی ئاڵتونی وزیوی، بەلام حوکمەت سور بوو لەسەر ئەوەی لیرەی کاغەز بەرامبەر بێت لەگەڵ لیرەی ئاڵتونو خەڵکی ناچار کرد ئیشی پێ بکەن بەو شێوەیە.

بازرگانی

عوسمانیەکان زۆر ناوەندی بازرگانی وبازاڕی گەورە وخانەیان کردەوە لەسەر ڕیگە سەرەکیەکانی بازرگانی تا بازرگان وگەشتیار وکارونەکان لێی دابەزن، چەند ناوەندێک ھەبوو شتومەکە بازرگانیەکانی تیا کۆئەکرایەوە ونرخیان بۆ جێگیر ئەکرا، کە وەک ئاڵوگۆڕی شتومەکی ئێستا ئیشی ئەکرد، بەم ناوەندە بازرگانیانەیان ئەوت دەبستان، سەرەتا لە بۆرسە وئەدەرنە دامەزران پاشان بە ھەموو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوبوونەوە، وھەندێکیان تایبەت ئەکران بە فرۆشتنی کەل وپەلی تایبەت وەک، گەوھەر وقوماش کتێب وبۆن و فەڕش و بەھارات و لەدەوروبەری ئەم ناوەندانە فرۆشیاری پێویستیە ڕۆژانەکان ھەبوون لە خواردن وسوتەمەنی.

کشتوکاڵ و پیشەسازی

دەوڵەتی عوسمانی کۆنتڕۆڵی زەویە بە پیتەکانی ھەموو دەوڵەتەکەی کردبوو، لەوانە دەشتی بە پیتی وڵاتی شام و حەوزی ڕووباری دانووب، و حەوزی دیجلە و فورات، و دۆڵی نیل، و دەستەکانی ئاسیای بچووک و باکوری ئەفریقیا، کە ئەم ناوچانە بە پێی خاکەکەی و بوونی ئاو و زۆری بەرھەم ناسرابوون، بەرھەمی کشتوکاڵی ھەمە جۆر بوو، گەنم و ڕۆنی زەیتون و میوە و بەر و بوومی وەک ترێ و ھەنجیر و قۆخ و سێو و بادەم و گێلاس وھەرمێ و زۆری تر. بەرھەمی ئاژەڵی گرنگی لەوە کەمتر نەبوو، گرنگیەکی زۆر بە بەخێوکردنیان ئەدرا، پیشەسازی خواردەمەنی لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە بڵاو بوویەوە کە لە سەرچاوە ڕووەکی و گیانەوەریەکان دەرئەھێنران دیارتریینیان پیشەسازی حەریر و خوری و سابوون بوو، و لەسەردەمی زێڕینی دەوڵەتدا پیشەسازی سەربازی پێش کەوت لە دروستکردنی چەکدا.

کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری

مێژوونوسان کۆکن لەسەر ئەوەی شارستانی عوسمانی تێکەڵێکە لە شارستانی نەتەوەکانی پێش خۆیان و نەتەوەکانیان سەردەمەکانیان، ئاسەواری عەرەب وفارسی تیا دەرئەکەوت لە ڕوویەکەوە، وئاسەواری بیزەنتی وئەوروپیکان لە ڕوویەکی ترەوە، ڕاسترین شت کە بوترێت لەسەر ئەمە ئەوەیە کە شارستانی عوسمانی درێژبوونەوەی شارستانی وخەلافەتی عەرەبی ئیسلامی بوو کە لە سەردەمی عەباسیدا گەیشتە لوتکە، بەلام عوسمانیەکان سروشتی تورکی خۆیان وزۆر لە کاریگەریە بیزەنتی و ئەوروپیەکانیان خستە سەر.

کۆمەڵگە

عوسمانیەکان بەوە ناسراون کە سیاسەتی لەناوبردنی نەتەوەکانی تریان پەیڕەو نە ئەکرد، جیاوازی ئەمان لەگەڵ داگیر کەردا ئەوە بوو کە داگیرکەری ئیستیعمار سوور بوو لە پێشێل کردنی وڵاتەکە و دانیشتوانی بەباری نەزانی ودواکەوتوویی بھێڵێتەوە بەڵام ئەمان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانە یەکسان بوون وجیاوازیان نەکرد، کە زۆر لە مێژوو نوسان ئەمە بە ھۆکارێک دائەنێن بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و جیابوونەوەی نەتەوەکان لێی لە دواییدا، بەڵام زۆری تر لەو باوەڕەدان کە ئەم فرە ڕەگەزییە ھۆکاری مانەوەیان بوو بۆ ماوەی ٦٠٠ ساڵ، کە سوڵتانەکان مافی سەربەستی ئاینی ونەژادیان بەخسیە کەمایەتیەکان، ھەندێک لە شارە عوسمانیە گەورەکان سروشتێکی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی تێکەڵیان ھەبوو وەک قوستەنتینیە وزۆر لە شارانەی تر کە گرنگی بازرگانی یان ئاینییان ھەیە یان پایتەختی ولایەتەکان بوون، لەو شارانەش کە تاکو ئێستا شارستانی عوسمانی تیایاندا ماوەتەوە، سەرایڤۆ، سکوبیە، سالۆنیک، دیمەشق، بەغدا، قودس، مەککە وجەزائر کە تا ئێستا لەم شارانەدا نیشانەی تەلارسازیە عوسمانیەکان وئاسەوارەکانیان ئەبینرێن

فێربوون

دەوڵەتی عوسمانی چالاککردنی فێربوونی مەدەنی پشت گوێخست لە قۆناغەکانی مێژوویدا تەنھا خوێندنگە تایبەتە ئیسلامیەکان نەبێت، وخوێندن پێش کەوت لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم وئەوانەی دوای ئەو ھاتن بە تایبەت سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم زۆر گرنگی پێدا، کە خوێندنگەی ناوەندی وئامادەیی وپەیمانگەی تەکنیکی دامەزراند. وسولتان لە سەرەتای ساڵی ١٨٧٨ز خوێندنگەی تایبەت بە کاروباری دارایی، وماف، وھونەرە جوانەکان، وبازرگانی، وئەندازیاری، پزیشکی ڤێرتێنەری، وپۆلیس وپزیشکی نوێی دروست کرد، زۆر لە خوێندنگە و بوارە زانستیەکانی سوڵتانەکانی پێش خۆی بەرەو پێش برد وزانکۆی کردەوە وچەندین ھەوڵی تر لەو بوارەدا.

بیناسازی

عوسمانیەکان گرنگیەگی دیاریان دا بە بیناسازی، لە ھەموو دەوڵەتەکەیاندا تۆڕێکی فراوانی ڕیگا وپردیان بنیاتنا بەپشتبەستن بە لێھاتووی بیزەنتیەکانی بولگار، ھەروەک گرنگیان دا بە بنیاتنانی خوێندنگە و پەیمانگەی فێربوون، ودروستکردنی نەخۆشخانە وبیمارستان وناوەنی بەساڵاچووان، ودروستکردنی خواردنگەی جەماوەری بۆ ھەژاران وخانەیان دروست کرد بۆ دابەزینی گەشتیارە بیانیەکان، وگرنگیان دا بە دروستکردنی کتێبخانە ومۆزەخانە وتەلار ومزگەوت. بیناسازی پیشکەوت لە سەردەمی فراونبوون وفەتحەکاناد، ھەندێک مزگەوتەکان بە دیارترین ئاسەواری بیناسازی عوسمانی دائەنێن لەوانە، مزگەوتی سوڵتان محەمەد فاتیح لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان ئەحمەد ھەر لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان سولەیمان قانونی و مزگەوتی سوڵتان بایەزید وزۆری تر.

ھونەر وئەدەب

چینی حوکمڕانی عوسمانیەکان گرنیان بە مۆسیقا دا، کە ھەندێک لە سوڵتانەکان خۆیان پارچەی مۆسیقایان ڕێکخستووە وئاوازیان بۆ داناوە لەوانە سوڵتان سەلیمی سێیەم، مۆسیقای عوسمانی وەک زۆربەی سیما شارستانیەکانی عوسمانیەکان بە تێکەڵ دائەنرێت لە مۆسیقای بیزەنتی وعەرەبی وفارسی. شیعری عوسمانی بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری شیعری فارشی لەسەرە و کاریگەری شیعری عەرەبی لە سەری کەمترە، لەبەر ئەوە عەرەبی وفارسی کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر زمانی تورکی عوسمانی ھەبوو، شاعیرەکان بەردەوام بوون، وھەندێک لە سوڵتانە عوسمانیەکان شیعریان بە فارسی و عەرەبی دائەنا تا سەدەی نۆزدە، پاشان تورکەکان ڕوویان کردە دانانی شیعر بە تورکی.

دیمۆگرافیا

ھەژمارکردنی ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتی عوسمانی جێگەی لێدوانی مێژوونووسەکانە، لەبەر ئەوەی سەرچاوە سەرەتایەکانی ئەم باسە نادیارە. دەوڵەتی عوسمانی شێوازە نوێکانی بۆ ئاماری دانیشتووان بەکار نەھێناوە تاکوو ساڵی ١٨٣١ز، و ئاماری فەرمی دەرنەچووە تا ساڵی ١٨٨ز، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئامارانە یارمەتی دیارکردنی ژمارەی دانیشتووان نادەن بە تەواوی بۆ نموونە ئاماری ساڵی ١٨٣١ تەھا پیاو سەرژمێرکراوە و ھەموو لایەکی دەوڵەتەکەی نەگرتووەتەوە.

زمان

سێ زمان بە زۆری بەکار دەھێنران لە دەوڵەتی عوسمانیدا، یەکەمیان تورکی بوو، کە زمانی دایکیی تورکەکانە و زۆربەی دانیشتووانی ئەنادۆڵ و تراقیا پێی دەدوان لەگەڵ موسڵمانەکانی بالکان بێجگە لە ئالبانیا و بۆسنیا، بە شێوەیەکی ئاسایی زمانی تورکی بڵاو بوو لە ناو ڕۆشنبیرە ناتورکەکاندا بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەری دەوڵەت بوون، و زمانی فارسی زۆر باو بوو لە نێو ڕۆشنبیرە عوسمانییەکان، و زمانی عەرەبی دووەم گرنگی پێ دەدرا، کە زمانی لێدوانی دەوڵەتە عەرەبییەکانی ژیر حوکمی عوسمانی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەموو نەتەوە موسڵمانە ناعەرەبەکان لەبەر ئەوەی زمانی ئایینی ئیسلامە گرنگیان پێ داوە، زمانی تورکی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، زمانی تورکیی عوسمانی جیاوازە لە زمانی تورکیی ئێستا لەبەر کاریگەری فارسی و عەرەبی لەسەری. ھەندێک زمانی تر بڵاو بوون لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەڵام لە ئاستێکی کەمتردا، وەک: کوردی، سربی، یۆنانی، ماجاری، ئەرمەنی و بولگاری. ھەندێک لە تایفەکان زمانی تایبەتی خۆیان ھەبوو وەک سریانی و قەبتی بۆ مەسیحیە میسریەکان و عیبری بۆ یەھوودەکان.

ئایین

ئیسلام ئایینی ڕەسمی دەوڵەتی بوو، کە زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتە ئاسیا و ئەفریقییەکان ئیسلام بوون لەگەڵ زۆر لە ناوچەکانی بەلقان، لەسەر مەزھەبی سوننە دەڕۆیشتن، و کەمایەتیکی شیعە ھەبوو بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق و ھەندێک ناوچەی شامدا، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە دروز و عەلەوی لە لوبنان و سووریا و ئوردن و فەلەستین. عوسمانییەکان ڕێگەیان بە مەسیحی و یەھوودی دا کە نەریتە ئایینییەکانیان بە سەربەستی بە جێ بھێنن لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا، و عوسمانییەکان وەک ھەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکانی پێش خۆیان جزیەیان لە سەر دانیشتووانە ناموسڵمانەکان دانا لە بەرامبەردا لێیان خۆش بوون لە خزمەتی سەربازی.

كوتايي بەشي دووەم
الرجوع الى أعلى الصفحة اذهب الى الأسفل
https://ashti.yoo7.com
 
ئيمبراتوري عوسماني ( بةشي دووەم )
الرجوع الى أعلى الصفحة 
صفحة 1 من اصل 1

صلاحيات هذا المنتدى:لاتستطيع الرد على المواضيع في هذا المنتدى
مەکۆى ئاشتى :: مێژوو :: مێژووى ناوداران-
انتقل الى: