مەکۆى ئاشتى
هل تريد التفاعل مع هذه المساهمة؟ كل ما عليك هو إنشاء حساب جديد ببضع خطوات أو تسجيل الدخول للمتابعة.

مەکۆى ئاشتى

ئاشــــــــــتى
 
الرئيسيةالبوابةأحدث الصورالتسجيلدخول

 

 ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ( بەشي يەكەم )

اذهب الى الأسفل 
كاتب الموضوعرسالة
Ahmad
Admin
Ahmad


المساهمات : 117
تاريخ التسجيل : 19/03/2015

ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی  ( بەشي يەكەم ) Empty
مُساهمةموضوع: ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ( بەشي يەكەم )   ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی  ( بەشي يەكەم ) Icon_minitime1الأحد مايو 10, 2015 2:43 am

دەوڵەتی عوسمانی (بە عوسمانلی: دَوْلَتِ عَلِيّهٔ عُثمَانِیّه؛ بە تورکیی نوێ: Yüce Osmanlı Devleti) ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامی بوو کە لە ساڵی ١٢٩٩ەوە تا ساڵی ١٩٢٣، بۆ ماوەی نزیک بە ٦٠٠ ساڵ بەردەوام بوو و دەسەڵاتداریی ئەکرد. عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئەو ئیمپراتۆرییە بوو.

دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی. زۆربەی خاکی ھەر سێ قاڕەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەگەیشتە ٢٩ ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی "پێشەوای باوەڕداران" و "خەلیفەی موسڵمانان"-یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی سیاسی و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەورووپای مەسیحی و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن وچاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری.

لە ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی عوسمانی کۆتاییی پێ ھات و کۆماری تورکیا دامەزرا کە لە ئێستادا بە میراتگری ڕەسمیی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت.

مێژوو
نەژادی عوسمانییەکان

عوسمانییەکان ھۆزێکی تورک بوون، و تورکەکان سەرەتا لە ئاسیای ناوەڕاستدا نیشتەجێ بوون. کاتێک مەغۆلەکان بە سەرکردایەتیی ھۆلاکۆخان خۆراسانیان گرت، سولەیمان، باپیری عوسمان، ساڵی ١٢٢٠ کۆچی کرد بۆ وڵاتی ئەنادۆڵ و لە شاری ئەخلات نیشتەجێ بوون. لە دوای مردنی سولەیمان، ئۆرتغرۆلی کوڕی جێگەی گرتەوە و لەگەڵ ھۆزەکەیدا ڕۆیشت بۆ شاری ئەرزینجان کە مەیدانی شەڕی نێوان سەلجووقییەکان و خواڕەزمییەکان بوو. ئۆرتغرۆل لەپێناو بەرژەوەندی سوڵتان عەلائەددینی سەلجوقی، سوڵتانی قۆنیە کاری ئەکرد و یارمەتیی سوڵتانی ئەدا لە شەڕ دژی خواڕزمییەکاندا. لەبەر ئەوە، سوڵتان زەوییەکانی بۆ جیاکردنەوە لە سنوری خۆرئاوای ئەنادۆڵ و بەتەنیشتی ڕۆمەوە و ڕێگەی پێدان کە زەوییەکانیان فراوان بکەن لەسەر حسابی ڕۆم.

دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی

عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل

لە دوای ئۆرتغرۆل، عوسمانی کوڕی سەرکردایەتیی ھۆزەکەی گرتە دەست. عوسمان لە ساڵی ١٢٦٥، واتە ئەو ساڵەی کە مەغۆل بەغدایان داگیر کرد و خەلافەتی عەبباسییەکانیان ڕوخاند و کارەساتێکی گەورەیان بەسەر ھێنان، لەدایک بوو. چالاکییە سەربازییەکانی عوسمان ڕوویان کردە خاکەکانی بیزەنتی بۆ تەواوکردنی پەیامی دەوڵەتی سەلجووقی بە فەتحکردنی ھەموو خاکی بیزەنتیەکان. ئەو لاوازییەی ئەو کاتە دەوڵەتی بیزەنتیی گرتبۆوە یارمەتیی عوسمانی دا کە بە ئاسانی بە ئاراستەی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵەوە بڕوات و لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە لێھاتووییی عوسمان لە دانانی سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتی بۆ میرنشینەکەی دەرکەوت. لەم سەردەمەدا عوسمانییەکان ھەنگاوێکی باشیان نا لە گۆڕان لە سیستەمی ھۆزەکییەوە بۆ سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیی جێگیر. سوڵتان عەلائەددینی سەلجووقی پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵەکانی عوسمان دەربڕی ونازناوی عوسمان پاشای لێنا.

دوای ئەوەی عوسمان پێی جێگیر کرد، لە میرنشینەکەی خۆیدا دەستی کرد بە فراوانکردنی وڵاتەکەی لەسەر حسابی بیزەنتیەکان. کاتێک مەغۆل دەستیان گرت بە سەر دەوڵەتی قۆنیەی سەلجووقییەوە، عوسمان خێرا سەربەخۆییی خۆی لە سەلجوقییەکان ڕاگەیاند، کە بەمەش بووە دامەززرێنەری ئەو دەوڵەتە تورکییە گەورەیە کە ھەر بە ناوی ئەوەوە ناونرا. عوسمان وەک سوڵتانێکی سەربەخۆ حوکمی دەوڵەتە نوێکەی ئەکرد. پاشان، لە ساڵی ١٣٢٦دا ئۆرخانی کوڕی شاری بۆرسەی فەتح کرد. ھەر لەو ساڵەدا، دوای ئەوەی کە بنەڕەتی دەوڵەتەکەی دانا و ڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بۆ کردەوە، عوسمان لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا مرد.

عوسمان نازناوێکی تری ھەبوو کە "قەرە عوسمان"ە بە مانای عوسمانە ڕەش؛ بەڵام لە تورکیی عوسمانیدا بە مانای "ئازا"، "گەورە"، یان "مەزن" دێت.

ئۆرخانی کوڕی عوسمان

ئۆرخان لەسەر ڕێڕەوی باوکی بەردەوام بوو لە فەتح و دەسەڵاتدا، وزۆر بە بەھێزی شانشینەکەی ڕێکخست، کردی بە چەند ولایەتێک و بۆرسەی کردە پایتەخت، سکەی پارەی لێدا، و سوپای ڕێکخست، لە لاوە مەسیحیە ڕۆمەکان سوپایەکی بەھێزیان دروست کرد بە سوپای ئینکیشاری ناسراوە، و ئۆرخان ڕاھێنانی بەو لاوانە کرد زۆر بە باشی وتایبەتمەندی گەورەی دا پێیان کە ئەمەش ھۆگر کردن بە بە کەسایەتی ئۆرخان و دڵسۆز بوون بۆی، ھەروەک ئۆرخان ئیشی کرد لەسەر فراوانکردنی دەوڵەتەکەی، لەبەر ئەوە ئاسایی بوو کە ناکۆکیەکی بەھێز دروستبوو لە نێوان عوسمانی و بیزەنتیەکان، لە ساڵی ١٣٣٧ز ھێرشی کردە سەر قوستەنتینیەی پایتەختی بیزەنتیەکان، بەڵام نەیتوانی بیگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم غەزوە ترسی خستە دڵی ئیمپراتۆری ڕۆمەوە وھەوڵی ڕێکەوتنی دا لەگەڵ ئۆرخان و کچەکەی خۆی کردە ھاوسەری ئۆرخان، بەڵام ئەمەش نەبووە ڕێگر لە وەستاندنی عوسمانیەکان لەبەرەو پێشچوون، وپێیان جێگیر کرد لە نیمچە دوورگەی گالیبۆلی لە ساڵی ١٣٥٧ز، بەمەش جارێکی تر مەترسی عوسمانی بۆ سەر قوستەنتینیە دووبارەکرایەوە، لە سەردەمی ئۆرخاندا عوسمانیەکان یەکەم جێگیر بوونیان لە ئەوروپادا بینی، دەوڵەتی عوسمانی لە دیوارەکانی ئەنقەرە لە ئاسیای بچوکەوە تا تراقیا لە بەلقان درێژ ئەبووبەوە، وبانگەوازکاران بانگی دانیشتوانیان ئەکرد بۆ ئیسلام، ئۆرخان لە ساڵی ١٣٦٠ز کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی موردای یەکەم جێگەی گرتەوە.

مورادی یەکەم کوڕی ئۆرخان

دەستپێکی ئیشەکانی موڕادی یەکەم گرتنی شاری ئەنقەرە بوو، پیاوێکی ئازا وتێکۆشەر و بەڕێز و لەخوا ترس بوو، یاسای خۆشئەویست و پەیڕەوی ئەکرد، دادپەروەربوو، سەرگەرمی غەزو ودروستکردنی مزگەوت وفێرگا وخوێندنگاکان بوو، بەرەو پێش چوو لە ئاسیای بچوک و ئەروپا لە ھەمان کاتدا، و ڕێکەوت لەگەڵ زۆر لە میرەکانی ئەنادۆڵ لە بەرژەوەندی عوسمانیەکان و ھەندێکیانی ناچار کرد واز لە دەستکەوتەکانیان بھێنن بەمەش زۆر لە دەستکەوتە تورکمانیەکانی خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی، لە ئەوروپا ھێرشیان کردە سەر دەستکەوتەکانی بیزەنیەکان و شاری ئەدەرنەیان فەتح کرد لە ساڵی ١٣٦٢زدا، وموراد پایتەختی گواستەوە بۆ ئەدەرنە تا ببیتە خاڵی جوڵان و جیھاد لە ئەوروپادا، دواتر چەند شارێکی تریان فەتح کرد وەک سۆفیا وسالۆنیک، بەم شێوەیە قوستەنتینیە دەورەدرابوو بە عوسمانیەکان لە ھەموو لایەکەوە، لە ساڵی ١٣٨٥ز، ھێزە عوسمانیەکان لەگەڵ ھێزە سربیەکان بە یەکیاندا لە ناوچەی قوسوە کە ئێستا بە (کۆسۆڤۆ) ناسراوە، داستانێکی گەورە لە نیوانیان ڕوویدا کە بە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، بەڵام سوڵتان موراد لە کۆتاییدا کوژرا لە سەر دەستی یەکیک لە سەربازە بریندارە سربیەکان.

بایەزیدی یەکەم کوڕی موڕادی یەکەم

لە دوای شەھیدبوونی موڕادی یەکەم، بایەزیدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە ئازا وبەڕێز وتێکۆشەر بوو لە پێناوی خوادا، گرنگیەکی زۆری دا بە کاروباری سەربازی وھەوڵیدا بۆ گرتنی میرنشینە مەسیحیەکانی ئەنادۆل ولە ماوەی یەک ساڵدا دەستی بەسەردا گرتن، بایەزید وەک بروسکە لە نێوان بەلقان و ئەنادۆڵ دا ئەجوڵا بۆیە ناونرا بە (ھەورە بروسکە)، شاری ئەشھەری لە دەستی بیزەنتیەکان سەند کە دواین موڵکیان بوو لە ئاسیای بچوکدا، بە تەواوی بولگاری گرت، سیگسمۆندی پاشای مەجەر ترسا لە فروانبوونی عوسمانی، ھانای برد بۆ ئەورەپای ڕۆژئاوا وداوای لە پاپا (بۆنیفاسی نۆیەم) کرد کە ھێرشێکی خاچپەرستی نوێ بکەنە سەر عوسمانیەکان بۆ ڕێگرتن لەبەر پێشچوونیان بۆ ناوجەرگەی ئەوروپا، پاپای ناوبراو بەدەم داواکەوە چوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانڕەواکانی فەڕەنسا وپاڤاریا ونەمسا وڕۆدس و کۆماری بوندقیە، وئینگلتەرا یارمەتی سەربازی پێشکەشکردن، ھەردوو سوپای عوسمانی و ئەوروپی ڕووبەڕووبونەوە لە ساڵی ١٣٩٦ز، وداستانێکی گەورە لە نێوانیان ڕوویدا وئەوروپیەکان تێک شکان وگەڕانەوە، بایەزید دووجار قوستەنتینیەی گەمارۆدا، بەڵام قەڵاکانی ڕێگر بوون لەبەردەم ھێرشە بەھێزەکانیدا، وبایەزید کاتێک گورزە نوێکانی وەشاندە ڕۆژئاوا، ئاگاداری ئەوەبوو کە مەغۆل ئامادەکاری ئەکەن بۆ ئەوەی ھێرشی بکەنە سەر لە ڕۆژھەڵاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پیاوێکی سەربازی بەھێزیان تیا دەرکەوت کە تەیمورلەنگ بوو لە نەوەی جەنگیزخانەوە ھاتبوو، بایەزیدی ناوەندەکەی لە ئاسیای بچوک بەھێزکرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەیمورلەنگ، بەم شێوەیە فشاری عوسمانیەکان لەسەر بیزەنتیەکان کەم بوویەوە و ڕووخانی قوستەنتینیە لەسەردەستی عوسمانیەکان ٥٠ ساڵ دواکەوت، ولە ساڵی ١٤٠٢ز سوپای تەیمورلەنگ و بایەزید بەیەک گەیشتن لە (جوبق ئاباد) وداستانی تاحینە لە نێوانیان ڕوویدا کە عوسمانیەکان شکان وبایەزید بە دیل گیرا و مەغۆلەکان بردیان بۆ سەمەرقەندی پایتەختی دەوڵەتی تەیموری، دواین ڕۆژەکانی ژیانی لەوێ مایەوە ولە ساڵی ١٤٠٣ز کۆچی دوایی کرد.

محەمەدی یەکەم کوڕی بایەزیدی یەکەم

لە دوای مردنی سوڵتان بایەزید، دەوڵەتی عوسمانی بووە چەند میرنشبنێکی بچوک وەک ئەوەی دوای ڕوخانی سەلجووقیەکان ڕوویدا، زۆر لە ناوچەکان سەربەخۆیی خۆیان جیاکردەوە لە عوسمانیەکان، و ژمارەیەکی کەم وڵات مانەوە لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیدا، و ئەوەی زیاتر مەترسی دروست کرد کوڕەکانی بایەزید ڕێ نەئەکەوتن لەسەر جێگرتنەوەی یەکێکیان، و شەڕێکی زۆر لە نێوانیان ڕوویدا و دوایین سەرکەوتن نەسیبی محەمەدی کوڕی بایەزید بوو، کە ناسراوە بە محەمەدی یەکەم یان محەمەد چەلەبی، پیاوێکی دانا ووریا بوو وزۆر زانست وزانایانی خۆشئەویست وتوانی ھەندێک لە ناوچەکانی ئەنادۆڵ بگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەتەکە کە لە دەستی دابوون. لە ساڵی ١٤٢١ز کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا.

موڕادی دووەم کوڕی محەمەدی یەکەم

موڕادی دووەم لە دوای مردنی محەمەد چەلەبی باوکی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا کە زۆر تێکۆشانی لە ڕێگەی خوادا خۆشئەویست، و ناسرابوو بە خواپەرستی ودادپەروەری، توانی دەستبگرێت بەسەر ئەو کێشە ناوخۆییانەدا کە دوژمنەکانی عوسمانیەکان ئەیانویست ھەڵی بگیرسێنن، بەردەوام بوو لە گەڕانەوەی ئەو دەوڵەت و میرنشینانەی کە جیابووبونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، وگەمارۆی قوستەنتینەی دا بەڵام نەیتوانی بیگرێت، دواتر بەلقانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵاتی، زۆر شار و قەڵای گرت و ھەوڵی گرتنی بەلەگرادی دا، کە ئەم ھێرشە ئاگاداریەکی تازە بوو بۆ ئەوروپا لە مەترسی عوسمانی، ھێزە مەجەڕیەکان لە ھێزە عوسمانیەکانیاندا و تێکیانشکاندن ودەرئەنجام ڕۆحی خاچپەرستی زیندووبوویەوە لە ئەوروپا وجەنگی ئاینییان لە دژی عوسمانیەکان ڕاگەیاند.

سوڵتان محەمەد فاتیح

لە دوای مردنی موڕادی دووەم، محەمەدی کوڕی جێگەی گرتەوە، کە ناسراوە بە فاتیح و باوکی چاکەکان، بەھێزی ودادپەروەری بەیەکەوە کەسایەتی محەمەد فاتیحیان پێک ئەھێنا، لە تەسکترین خاڵ لە گەرووی بۆسفۆر قەڵایەکی بنیاتنا بەڕامبەر ئەو قەڵایەی بایەزیدی یەکەم لەسەر کەناری ئاسیا بنیاتی نابوو، لەم کاتانەدا ئیمپراتۆری قوستەنتینیە ھانای بردە بۆ وڵاتەکانی ئەوروپا کەس وەڵامی نەدایەوە تەنھا چەند شارێکی ئیتاڵیا نەبێت، وپاپا پشتگیری خۆی دەربڕی بە مەرجێک ھەردوو کەنیسەی ڕۆژھەڵات وڕۆئاوای ببنە یەک، قوستەنتین، ڕازی بوو، بەڵام خەڵک توڕە بوون لێی.

سوڵتان محەمەد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیزەنتیەکان سوپایەکی گەورەی کۆکۆدەوە لە گەشتیگەلی گەورە وتۆپخانە، بەم شێوەیە لە وشکانی ودەریاییەوە گەمارۆی دان، ٥٣ ڕۆژ دوای گەمارۆ عوسمانیەکان چوونە شارەکەوە دوای ئەوەی بەشێکی زۆری دیوارەکانی دەوریان ڕووخاند، لەگەڵ بیزەنتیەکان بەیەکیاندا وکوشتارێکی توند ڕوویدا لە نێوانیان، کە ئیمپراتۆری بیزەنتی وزۆر لە سەربازەکانی تیاچوون، کاتێک فاتیح چووە شارەکەوە داوای لە سەربازەکانی کرد شەڕ ڕابگرن، دوای ئەوەی کە دەستی گرت بەسەر بەرگری بیزەنتیەکاندا و ئاڵای ئاشتی بەرز کردەوە، سوڵتان محەمەد ناونرا بە فاتیح و موسڵمانان زۆر دڵخۆش بوون پێی لەبەرئەوەی ئەمە ھاتنەدی فەرموودەیکی پێغەمبەری ئیسلام بوو کە فەرموویەتی (فەتحی قوستەنتینیە ئەکرێت، باشترین ئەمیر ئەو ئەمیرەیە و باشترین سوپا ئەو سوپایەن)، سوڵتان محەمەد پایتەختی گواستەوە لە ئەدرنەوە بۆ قوستەنتینیە و ناوەکەی گۆڕی بۆ (ئیسلامبۆل) واتە شاری ئیسلام یان تەختی ئیسلام، سەربەستی ئاینی وئاسایشی بەخشی بە مەسیحیەکان، وئەوانەی کە لە ترسا ڕۆیشتبوون داوای گەڕاندنەوەی لێکردن بۆ ماڵ وحاڵی خۆیان، ئیمپراتۆری بیزەنتی ڕوخا لەگەڵ فەتح کردنی شارەکەدا دوای ئەوەی یانزە سەدە بەردەوام بوو، وسوڵتان محەمەد بەردەوام بوو لە فەتحکردنی ئەوروپا، وڵاتی سربی گرت وفەتحی وڵاتی مورەی کرد لە باشوری یۆنان ھەروەک ھەرێمی ئەفلاق و وڵاتی بەشناق وئەلبانیای گرت وبوندقیەی مل کەچکرد و ئەنادۆڵی یەکخست لەڕێگەی دەستگرتن بەسەر ئیمپراتۆری تەڕابزۆنی ڕۆمی ومیرنشینی قەرمان، ھەروەھا سوڵتان محەمەد ھەوڵی فەتحی ئیتاڵیای دا، بەڵام مردن مەودای نەدا لە ساڵی ١٤٨١ز، عوسمانیەکان ئەو لایەیان بە جێ ھێشت.

سەردەمی بەھێزی وفراوانبون

بایەزیدی دووەم کوڕی محەمەد فاتیح

لە دوای مردنی سوڵتان محەمەد فاتیح، جم و بایەزیدی کوڕی بووە ناکۆکیان لەسەر تەختی دەسەڵات، بەڵام لە ئەنجامدا بایەزید سەرکەوت، سوڵتان بایەزید بە سوڵتانێکی میانڕەو ناسراوە ونەچۆتە شەڕەوە وەک بەرگریکار نەبێت، لەگەڵ کۆماری بوندقیە جەنگا لەبەر ئەو ھێرشانەی ئەیانکردە سەر گەشتیگەلەکانی لە وڵاتی مۆرە، وجەنگا لەگەڵ مەمالیکەکان کاتێک ویستیان کۆنترۆڵی ھەندێک لە ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی بکەن، زۆر حەزی لە کۆڕی زانا وئەدیبەکان ئەکرد، و لە سەردەمەکەیدا غەرناتە دوایین قەڵای موسڵمانان لە ئەندەلوس ڕوخا، چەند کەشتیەکی نارد بۆ گواستنەوەی ئەندەلوسییە موسڵمانەکان بۆ قوستەنتینیە وشارەکانی تر، ھەر لەم سەردەمەدا شیعەکان لە وڵاتی فارس دەرکەوتن کە سەفەوییەکان بوون، وتوانیان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیل مەترس بۆ عوسمانیەکان دروست بکەن لە ڕۆژھەڵاتدا،

سەلیمی یەکەم کوڕی بایەزیدی دووەم

لە کۆتایی سەردەمی بایەزیددا ناکۆکی لە نێوان کوڕەکانیدا دروست بوو لەسەر دەسەڵات گرتنە دەست، بایەزید خەلافەتی دا بە ئەحمەدی کوڕی، بەمەش کوڕەکەی تری (سەلیم) توڕەبوو، وشۆڕشی ڕاگەیاند بەسەر باوکیدا کە ئەم شۆڕشەش ھۆکاری سیاسی ومەزھەبی وبازرگانی ھەبوو، کاتێک سەفەوییەکان دەستیان کردبووە بڵاوکردنەوەی مەزھەبی شیعە لەسەر حسابی مەزھەبی سونە لە ئەنادۆڵدا، وڕێگەی بازرگانیان داخست لەگەڵ ھیند و ڕۆژھەڵاتی ئەقسا، وڕێگەیان لە ڕۆیشتنی ھۆزە تورکمانەکان گرت لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئەنادۆڵ و ئەوروپای ڕۆژھەڵات، وشا ئیسماعیل پشتگیری لە ئەحمەد ئەکرد بۆ حوکم گرتنە دەست، لەبەر ئەوە سەلیم بێدەنگ نەبوو لەم دەست تێوەردانەی سەفەوییەکان لە کاروباری عوسمانیەکان، وئینکیشاریەکانی سوپا فشاریان کردە سەر سوڵتان بایەزید تا لە دەسەڵات دابەزێت بۆ سەلیمی کوڕی، بایەزید کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥١٢ز، سەلیم دوای ئەوەی تەختی دەسەڵاتی گرتە دەست، پێی خۆی جێگیر کردو لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپا ڕێکەوت تا یەکلایی بێتەوە بۆ کێشەی سەفەوییەکان، کە مەترسیدارترین ئەزمە بوو ڕووبەڕووی عوسمانیەکان بێتەوە دوای داستانی ئەنقەرە، سەلیم براکانی ومناڵەکانی کوشتن تا ڕکەبەری نەبێت لە دەسەڵاتدا، ئاگربەستێکی دوور ودرێژی بەست لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپای دەوروپشتیا، پاشان ڕوویکردە ڕۆژھەڵات بۆ ڕووبەڕونەوەی سەفەوی ومەمالیکەکان، شیعەکانی ئاسیای بچوک بە پاڵپشتی سەفەویەکان وەستان لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، سەلیم دەستی بەسەر ئەم شۆڕشەدا کرد و شیعەکانی گرت وچل ھەزاری لێ لەناوبردن، پاشان ڕۆیشت بۆ ڕووبەڕوونەوەی شا، ھەردولا بەیەک گەیشتن لە شەڕی چاڵدێراندا، وسوڵتان سەلیم سەرکەوت لەم جەنگە گەورەیەدا وسەلیم ڕۆیشتە پێشەوە بەرەوە تەبرێزی پایتەختی سەفەوی ودەستی بەسەراگرت.

دوای سەرکەوتنیان بەسەر سەفەویەکاندا عوسمانیەکان ملیان بە مەمالیکەکان کەچکرد، دوای ئەوە کە داستانی مەرج دابق ڕوویدا لە نێوانیان، وبە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، پاشان ڕۆیشتن بەرەو میسر وجارێکی تر ڕووبەڕوەی مەمالیکەکان بوونەوە ولە داستانی ڕیدانیە سەرکەوتن بەسەریاندا وچوونە میسرەوە بەسەربەرزی، لەو کاتانەدا ناوچەی حیجاز ملکەچیان بۆ دەربڕی و لە ھەمان کاتدا دوایین خەلیفەی عەباسیەکان لە میسر دابەزی لە دەسەڵات بۆ سوڵتانە عوسمانیەکان، بەم شێوەیە سوڵتانە عوسمانیەکان بوونە خەلیفەی موسڵمانان وپێشەوای باوەڕداران، سوڵتان سەلیم کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥٢٠ز.

سوڵتان سولەیمان قانونی

لە دوای سوڵتان سەلیم، سولەیمانی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا، کە لە ڕۆژھەڵات بە (قانونی) ولەڕۆژئاوا بە (مەزن) ناسراوە وسەردەمەکی بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی ناسراوە، سوڵتان سەلیم سەرگەرمی فەتحی ڕۆژھەڵات بوو لە ھەموو ژیانیدا، لەبەرئەوە ئاسایی بوو کە سوڵتان سولەیمانی کوڕی ڕووبکاتە ڕۆژئاوە بۆ تەواوکردنی ئەو فەتحانەی کە پێشینەکانی دەستیان پێ کردبوو، سولەیمان شاری بەلگرادی گرت لە ساڵی ١٥٢١ز، پاشان دەستی گرت بەسەر دوورگەی ڕۆدس لە ساڵی ١٥٢٣ز، ھەروەک بەشی باشور وناوەڕاستی مەجەڕی خستە سەر دەسکەوتەکانی عوسمانیەکان بۆ ئەمەش سودی لە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی مەجارستان وەرگرت وھەروەک بارودۆخی دەرەوەش گونجاو بوو.

لەشکری عوسمانی ومەجەڕ بەیەکیاندا لە دۆڵی موھاج لە مەجەڕ سالی ١٥٢٦ز، لە داستانێکدا کە ماوەی دوو سەعاتی خایاند، عوسمانیەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان تیا بە دەست ھێنا وپێیان جێگیر کرد لە وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر، جان زابۆلیای پاشای ترانسلڤیای کردە فەرمانڕەوای، ھەر لەو کاتانە فەردینادی پاشای نەمسا وەفدێکی نارد بۆ لای سوڵتان تا دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەر، سوڵتان گاڵتەی پێکردن و نوێنەرەکانی بەند کرد، دوای ماوەیەک کە ئازادی کردن نامەیەکی لەگەڵا ناردن بۆ پاشای نەمسا تا خۆی ئامادەکات بۆ ڕووبەڕونەوەی، سولەیمان لەگەڵ فەردیناد جەنگا بە سوپایەکی بەھێزەوە، سولەیمان رۆیشت بەرەو ڤێیەنا وگەمارۆی ئەم شارەی دا لە ناو جەرگەی ئەوروپا، کە ئازوقە بڕا لە سەربازە عوسمانیەکان وزستان ھات بەسەریاندا، لەبەرئەوە سوڵتان گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی، ولەساڵی ١٥٣٢ز جارێکی تر گەمارۆی ڤێیەنای دا، وئەمجارە ڕێکەوت لەگەڵ فەردیناند کە سوڵتان دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەڕ لەبەرامبەر سەرانەیەکدا نەمسا بیدات بە دەوڵەتی عوسمانی، ئەم ڕێکەوتنەی لەبەر ئەوەکرد ئاڵۆزی کەوتە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تەماسبی کوڕی شا ئیسماعیل سەفەوی شای فارس، سوڵتان دەستی کرد بە ڕووبەڕوو بوونەوەی فارس وتەبرێزی پایتەختی فارسی گرت وپاشان بەغدای گرت وچووە ناویەوە زۆر بە شکۆ وسەربەرزیەوە. عوسمانیەکان لە ڕۆژانی سوڵتان سولەیمان چەند فەتحێکی دەریایی گەورەیان ئەنجام دا، بە چاکەی دەریاوان (خەیرەدین بەڕبەڕوس)، کە لەڕۆژانی سوڵتان سەلیمدا جەزائیری خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان سولەیمان خیرەدینی کردە ئەمیری دەریایی لە ساڵی ١٥٣٣ز، جارێکی تر گەشتیگەلی عوسمانی زۆر ئازایانە ڕاپەڕاندەوە، توانی تونس لە ژێر دەستی ئیسپانیا دەر بھێنێت ومل کەچی کات بۆ دەوڵەتی عوسمانی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، لە فەتحە دەریاییە گرنگەکانی سەردەمی سوڵتان سولەیمان، فەتحی تەڕابولسی ڕۆژئاوا بوو، سوڵتان سولەیمان کۆچی دوایی کرد ساڵی ١٥٦٦ز، ودەوڵەتی عوسمانی ئەو کاتە لە بەرزترین ئاستی تەواویدا بوو وبوونی پێویست بوو بۆ ھاوسەنگی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وئەوروپادا.

سەرەتای ھەڵوەشانی دەوڵەتی عوسمانی

سەلیمی دووەم کوڕی سولەیمان قانونی

لاوازی دەوڵەتی عوسمانی گرتەوە و سەلیمی دووەم کە لە جێگەی سوڵتان سولەیمان قانونی باوکی ھاتە سەر حوکم، لاواز بوو و نەیئەتوانی فەتحەکانی باوکی بپارێزێت وحاکمێکی خاو ولاواز بووە، کە زیرەکی سەدری ئەعزەمی ئەو کاتە (محمد سەقلی)و گەورەیی وشان وشکۆی دەوڵەتەکە بوو پاراستیان لەوەی یەک جار بکەێت، لە ئیشەکانی محەمەد سەقلی سوپایەکی گەورەی نارد بۆ یەمەن ساڵی ١٥٦٩ز، وبۆ میسر بۆ کپکردنەوەی شۆڕشە ناوخۆییەکان وچوونە شاری سەنعاء دوای ئەوەی قەڵاکانی فەتح کران، ھەر لە ئیشەکانی فەتحی قوبرسیان کرد لە دەستی بوندقیەکانی سەند، وھەر لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی دووەمدا ڕووداوی لیبانتۆی دەریایی ڕوویدا، کە کاریگەریەکی خراپی ھەبوو بۆ وێنەی ھێزی دەریایی و سوپای عوسمانی کە زۆربەی لەو باوەڕەدا بوون ھەرگیز تێک ناشکێن، کورتەی ئەو ڕووداوەش ئەمە بوو، دوای زیادبوونی ممەترسی عوسمانی بوو لە دەریای ناوەڕاستدا بۆ ئەوروپا دوای ئەوەی فەتحی قوبرس و ھەندیک ناووچەی دەریای ئەدریاتیکی کران، پاشای ئیسپانیا ڕێکەوت لەگەل ھەریەک لە پاپا بیۆسی پێنجەم وگۆماری بوندقیە بۆ ڕێگرتن لەبەرەو پێچوونی عوسمانیەکان، ٢٣٠ کەشتی و٣٠ ھەزار سەربازیان کۆکردەوە و لەگەڵ عوسمانیەکان بەیەکیاندا لە یەکێک لەو داستانە گەورانەی کە لە مێژووی نوێدا ڕوویاندا و بە تێکشکانی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، بەڵام ئەمە ورەی محەمەد پاشا سەقلی نەڕوخاند و خۆی ئامادەکرد بۆ ڕووبەڕونەوەیەکی نوێ لەگەڵیان، لەبەرئەوە بوندقیە بەباشی زانی ڕێکەوتنی ئاشتی بکات لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٥٧٣ز، بەم شێوەیە عوسمانیەکان یەکلایی بوونەوە بۆ شەڕی ئیسپانیا کە ھاتبووەوە بۆ داگیرکردنی تونس.

موڕادی سێیەم کوڕی سەلیمی دووەم

سوڵتان سەلیمی دووەم کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥٧٤ز، موڕادی کوڕی جێگەی گرتەوە، لە سەردەمی ئەم سوڵتانەدا عوسمانیەکان دەستیان گرت بەسەر پۆڵەندا، وعوسمانیەکان یارمەتی سوڵتانی مەڕاکیشیاندا بۆ سەرکوتکردنی ئەوشۆڕشەی کە پەنایان بۆ پورتگالیەکان بردبوو، عوسمانیەکان سەرکەوتن بە سەریاندا و سوڵتانیان گەڕاندەوە بۆ حوکمی مەڕاکیش، گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی موڕادی سێیەم بەرەوپێشچونیان بوو لە ڕۆژھەڵاتدا، لەسەر حسابی دەولەتی سەفەوی، شا تەماسبی یەکەم مرد بێ ئەوەی کەس لە جێگەی خۆی دابنێت، کوڕەکانی بووە ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات، سەدری ئەعزەم (محەمەد پاشا سەقڵی) ھێرشێکی سەربازی نارد بۆ وڵاتی فارس بۆ فەتحکردنی شارەکانی، دەستیان گرت بەسەر کەرەج وئازربایجانی باکور و پاشان وڵاتی داغستان. دوای ئەم غەزوانە دەوڵەتی عوسمانی توشی شۆکێکی سیاسی بەھێز بوو، دوای ئەوەی سەدری ئەعزەم محەمدپاشا سەقڵی کوژرا ساڵی ١٥٧٩ز، ئاژاوە وڵاتەکەی گرتەوە وئینکیشاریەکان یاخی بوون، والیەکان کەوتنە ڕکابەری لەسەر جێگەی سەدری ئەعزەم، ولە ساڵی ١٥٩٠ز عوسمانیەکان ڕێکەوتنیان کرد لەگەڵ سەفەوییەکان، لەدوای ئەوە ئاسایش جێگیر بوو لە سنوری وڵاتەکە لای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاواوە، ئینکیشاریەکان لە قوستەنتینیە و ولایەتەکان شۆڕشیان ھەڵگیرساند لەبەر نزمبوونەوەی موچەکانیان، کە ئەمەش وای لە سەدڕی ئەعزەمە تازەکە (سینان پاشا) کرد سەرگەرمیان کات بە شەڕ لەگەڵ نەمسا ومەجەڕ، بەھۆی ئاژاوەی ناو ئینکیشاریەکانەوە، شکستیان خوارد، ھەندێک قەڵایان لەدەستدا، ھەرچەن دواتر سینان پاشا توانی یانگێڕێتەوە، بەڵام بەرپرسەکانی ئەفلاق وبەگدان وترانسلڤانیا ھەلەکەیان قۆستەوە وسەرکەوتن بەسەر سوپای عوسمانیدا وھەندیک شاریان لێ سەندن، مورادی سێیەم ساڵی ١٥٩٥ کۆچی دوایی کرد.

موحەمەدی سێیەم کوڕی موڕادی سێەم

لە دوای موڕادی سێیەم موحەمەدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، دەرچوو لەو ڕێڕەوەی کە لە سەردەمی باپیرەی سەلیمی دووەمەوە پەیڕەو دەکرا، کە سەدری ئەعزەم سەرکردایەتی سوپای ئەکرد، محەمەدی سێیەم خۆی سەرکردایەتی سوپای کرد ودەرچوو بۆ شەری مەجەڕ ونەمسا، و سەرکەوت بە سەریاندا لە ڕووداوی کەرزت ساڵی ١٥٩٦ز، دواتر لە سەرەتای سەدەی خەڤدەدا چەند شۆڕشێک لە ئەنادۆڵ دەرکەوتن، یەکێک لە سەرۆک تیپەکانی سوپای ئینکیشاری کە نەفی کرا بۆ ئەنادۆڵ لەبەر جێگیر نەبوونی لە ڕووداوی کەرزتدا، بانگەشەی ئەوەی ئەکرد کە خەوی بە پێغەمبەر محەمەد بینیوە ومژدەی سەرکەوتنی بەسەر عوسمانیەکان پێداوە، یاخی بوو وشۆڕشی ڕاگەیاند لە دەوڵەت وچەند ئاژاوەیەکی نایەوە لەگەڵ براکەیدا، پاشان مرد دوای ئەوەی بریندار بوو لە یەکێک لە شەرەکاندا، بەڵام براکەی بەردەوام بوو تاکو دەوڵەت ولایەتی بۆسنەیان پێ بەخشی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپیەکان بجەنگێت، ھەتا ھەموو سوپاکەی تیاچوون لەو پێک ھەڵپژانە بەردەوامانەی لەگەڵ نەمسا ومەجەڕدا ڕوویاندا، بەدوای ئەوەدا شۆڕشێکی خەیاڵی تر لە قوستەنتینیە ھەڵگیرسا کە داوای قەرەبووکردنەوەیان ئەکردەوە لەو زیانانەی لە کە لە ئەنجامی شۆڕشی پێشتردا لێیان کەوت، دەولەت بە یارمەتی سەرابازە ئینکیشاریەکان توانی بیانگێڕێتەوە بۆ گوێڕایەڵ بوونی جارێکی تر.
ھەندێک لە سوڵتانە لاوازەکان

دوای مردنی محەمەدی سێیەم چەند سوڵتانێکی لاواز وسەرەڕۆ دەرکەوتن، ھەرچەند چەند کەسایەتیەکی بەھێزی وەک عوسمانی دووەم و مورادی چوارەمیان تیادا بوو.

سولتان ئەحمەدی یەکەم، دەسەلاتی گرتە دەست لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، لەم ماوەیەدا عوسمانیەکان وازیان لە عێراقی عەجەم ھێنا بۆ دەوڵەتی سەفەوی، کە ئەمەش یەکەم ڕێکەوتن بوو دەوڵەت واز لە فتوحات بھێنێت تیایدا.
لە دوای ئەحمەد، مستەفای برای عەرشی گرتە دەست تەنھا بۆ ماوەی ٣ مانگ، پێش ئەوەی کە عوسمانی دووەم دەستنیشان بکرێت بۆ جێگری.

گەمارۆى ڤێیەنا لە لایەن سوپاى عوسمانیەوە بۆ دوایین جار، ساڵى ١٦٨٣.

عوسمانی دووەم حوکمی گرتە دەست، کە بۆ یەکەم جار لەم سەردەمەدا ئەوە ڕوویدا کە ئاماژەبوو بۆ ئاستی دابەزینی دەوڵەت لەو کاتانەدا، ئینکیشاریەکان لاوازبوون لە شەڕدا، عوسمان ویستی دەرسیان بدات وبە سەربازی نوێی ڕاھێنراو جیگەیان بگرێتەوە، لەبەر ئەوە ئینکیشاریەکان شۆڕشیان لێکرد وکوشتیان ومستەفای مامیان گێڕایەوە بۆ دەسەڵات.
ھەواڵی کوشتنی خەلیفە بڵاوبوویەوە و ئاژاوە ھەموو وڵاتی گرتەوە وشۆڕش ھەڵگیرسا لە ھەموو لایەکەوە، والیەکان دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان لە دەوڵەت، ئەو سەدری ئەعزەمەی ئینکیشاریەکان دایانابوو مستەفای لابرد وموڕادی چوارەمی لە جیگەی دانا.
موڕادی چوارەم توانی دەوڵەت پاک بکاتەوە لە ھەندێک لە شۆڕشەکان، وەک، شۆڕشی ئەبازە پاشی والی ئەرزەڕۆم، وشۆڕشی ئینکیشاریەکان وبزوتنەوەی ئەمیری لوبنان، ھەروەک بەغدا و ھەمەدان تەبرێز و یەریڤان و ھەموو ئازربایجانی سەندەوە لە سەفەوییەکان.
لە دوای موڕادی چوارەم ئیبراھیمی برای دەسەڵاتی گرتە دەست، لەم سەردەمەدا دەوڵەت بوژایەوە وکەشتیگەلی عوسمانی چوونە دوورگەی کریتەوە بێ ئەوەی بەرگریەکی ئەوتۆ بکرێن. دواتر چەند سەردەمێکی لاوازی عوسمانیەکانی گرتەوە ھەتا چاکسازی گەورە (محەمەد کۆبرۆلی) کە بووە سەدری ئەعزەم لە ساڵی ١٦٥٦زدا لە سەردەمی سوڵتان محەمەدی چوارەمدا توانی ڕزگاریان بکات لەو دۆخە، دەوڵەت نوێبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و و لەدوای محەمەد کوبرولی (فەزیڵ ئەحمەد)ی کوڕی چووە جێگەی وبەردەوام بووو لەسەر ڕێڕەوی باوکی، لە ساڵی ١٦٦٣ز ھێزە عوسمانیەکان ھێرشان کردە سەر مەجەڕ وھەڕەشەی ڕوخانی ڤێیەنایان کرد ولە ساڵی ١٦٧٢ز دەستیان گرت بە سەر کرواتیاداو لە ساڵی ١٦٨٣ بۆ دوا جار گەمارۆی ڤێیەنایان دا و پاشان وازیان لێھێنا.
سوڵتان محەمەدی چوارەم ساڵی ١٦٨٧ز لابراو و سوڵتان سولەیمان خانی برای لە جێگەی دانرا، ئاژاوە ھەموو دەوڵەتەکەی گرتەوە، وشکست ڕوویکردە دەولەتی عوسمانی، نەمسا بێلگراد و بەشێک لە وڵاتی سربی داگیرکرد، وبوندقیە بەشێکی زۆری کرواتیا و دڵماسیا ومۆرەی داگیرکرد، مستەفا کوبرلی پاشا، دەوڵەتی لەو کیشانە دەرکرد کە کوڕێکی تری چاکسازی گەورە محەمەد کۆبرۆلی بوو، ھەوڵێکی زۆری دا بۆ دانانی ڕۆحی یاسا لە ناو سەربازەکان وچاکەی کرد لەگەڵ مەسیحیەکان ھەتا ھەموو مەسیحی دەوڵەتەکەی ڕاکێشا بەلای خۆیا، وتوانی بەلەگراد وھەرێمی ترانسلڤانیا بگێڕێتەوەلەگەڵ ئەوەشدا عوسمانیەکان نەیانتوانی ھیچ فەتحێکی نوێ بکەن لە سەروو ئەو سنورەی کە سولتان سولەیمان قانونی کێشابووی، ساڵی ١٦٩١ز سوڵتان سلێمانی دووەم کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا.

سوڵتان ئەحمەدی دووەم لە دوای سوڵتان سلێمانی دووەمی برا دەسەڵاتی گرتە دەست لە سەردەمی ئەمدا مستەفا کۆبرۆلی شەھیدکرا لە شەریک لەگەڵ نەمسای خاچپەرستدا، بوندقیە ھەندێک لە دوورگەکانی دەریای ئیجەی گرت و سوڵتان ئەحمەدی دووەم ساڵی ١٦٩٤ز کۆچی دوایی کرد.
پاشان سوڵتان موستەفای دووەم کوڕی موڕادی چوارەم دەسەڵاتی گرتە دەست،عوسمانیەکان سەرکەوتن بەسەر پۆڵەندا وقەیسەری ڕوسیان ناچارکرد گەمارۆ لە سەر شاری ئازوڤ ھەڵگرێت، وبۆسنە و ھەندێک دوورگەکانی دەریای ئیجەیان گێڕایەوە، بەڵام ڕوس ئەونەی نەبرد گەڕانەوە بۆ گرتنی ئازوڤ وسەرکەوتن بەسەر عوسمانیەکان لە شەڕی زانتە، وڕێکەوتن لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتەکانی ئەوروپا لە دژی دوڵەتی عوسمانی وناچاریان کرد ڕێکەوتننامەی کارلۆڤیچ ئیمزابکات کە شاری ئازوڤی لە دەستدا لە بەرژەوەندی ڕوسیا، وپاشماوەی وڵاتی مەجەر بۆ نەمسا بێت وئۆکرانیا وبودۆلیا بۆ پۆڵەندا بێت، دلماسیا وھەندێک دوورگەکانی دەریای ئیجە بۆ بوندقیە بێت. ئەم ڕێکەوتنە سەرەتای کشانەوەی عوسمانیەکان بوو لە ئەوروپا وچوونە سەردەمی خێرا لێک ھەڵوەشانەوە بوو، ئینکیشاریەکان داوای لابردنی سەدریان کرد وخەلیفە ڕەتی کردەوە لەبەر ئەوە خەلیفەیان لابرد وچوار مانگ دوای ئەوە مرد.

بارودۆخی عوسمانی زیاتر تێک چوو لەسەرەتای سەدەی ١٨داو لە سەردەمی سوڵتان ئەحمەدی سێیەم، سوید داوای یارمەتی عوسمانیەکانی کرد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕوسدا، عوسمانیەکان ئەو فرسەتەیان لەبەردەستا بوو کە دەست بگرن بەسەر قەیسەری ڕوس بوتڕسی گەورە، بەڵام سەدری ئەعزەم گەمارۆکەی ھەڵگرت لەبەرامبەر ڕەشوەدا، ئەمەش عوسمانیەکانی ناچار کرد ڕێکەوتنێکی تازە ئیمزا بکەن (ڕێکەوتنی بیسارۆڤیچ) کە عوسمانیەکانیان ناچارکرد دوورگەی کریت بگێڕنەوە بۆ بوندقیە، ودەست لە بەلەگراد و بەشێکی وڵاتی سڕب و ئەفلاق ھەڵگرێت بۆ نەمسا وبوندقیە کۆنترۆڵی دلماسیا بکات لەبەرامبەردا مۆرە بگێڕێتەوە بۆ عوسمانیەکان، ھەروەک ئەم سەردەمە سەرەتای وریابوونەوەی عوسمانی بوو بە کرانەوە بەڕووی ڕۆژئاوادا، ھەندێک دانراوی ڕۆژئاوایی وەرگێڕان، وڕیگە درا بە دانانی ناوەندی چاپکردن لە پایتەختا، ڕوخساری چاکسازی ئەوروپیان وەرگرت ھاوشان لەگەڵ پارێزگاری کردن لە بنەما عوسمانیە ئیسلامیەکان وشارستانی ڕۆژئاوا ھاتە ناو دەوڵەتەکەوە بە شێوەی جیاواز وبەھێواشی، ھەندێک لە عیلمانیەکان دەرکەوتن، ھەروەک چەند وەفدێکی شارەزا ھاتن و شارەزاییەکەیان خستە خزمەتی دەوڵەت.
پاشان سوڵتان مەحموودی یەکەم حوکمی گرتە دەست، لەم سەردەمەدا ھەندێک لە شارەکانیان گەڕاندەوە بۆ سەفەویەکان وەک ھەمەدان وتەبرێز ولوڕستان ، پاشان شەڕ ھەڵگیرسایەوە لە نێوان عوسمانیەکان و روسیادا، دوای ئەوەی ڕوسیا بە پاڵپشتی نەمسا پۆڵەندا داگیرکرد، دەولەتی عوسمانی لەگەڵ فارسەکان یەکی گرت و شکستی بە سوپای ڕوسی و نەمسا ھێنا وتۆڵەی لە نەمسا کردەوە بەوەی ناچاریکرد کە ئیمزای ڕێکەوتنی بەلەگراد بکات، بە پێی ئەمەش بەلەگراد و بەشێک لە وڵاتی سرب وئەفلاق گەڕێنرایەوە بۆ دەولەتی عوسمانی و ڕوسیا ئەبێت قەڵاکانی شاری ئازۆڤ بڕوخێنێت وھیچ لە کەشتیە جەنگی و بازرگانیەکانی بە دەریای ڕەشدا نەڕوات.
پاشان سوڵتان عوسمانی سێیەم دەسەڵاتی گرتە دەست بۆ ماوەی سێ ساڵ، لەم سەردەمە ھیچ ناکۆکی دەرەوە ڕووی نەدا وگرنگی دا بە چاکسازی ناوخۆ.
دواتر سوڵتان موستەفای سێیەم دەسەڵاتی گرتە دەست و جارێکی تر شەڕ دەستی پێکردەوە لە نێوان عوسمانی وڕوسدا، کاتێک عوسمانیەکان ھەندێک لە شارەکانین لە دەستدا لە بەرژەوەندی ئیمپراتۆری ڕوسی، لەگەڵ ھەرێمی ئەفلاق وبەگدان. ڕوس ھەوڵی داگیرکردنی تەڕابزۆنیان دا بەڵام نەیانتوانی، بەڵام دواتر توانیان قەڕم لە دەوڵەتی عوسمانی جیا بکەنەوە. عوسمانیەکان بە ھەموو شێوەیەک بەرگری ڕوسیان کرد ولەم کاتەدا ئیمپراتۆری ڕوسی شێوازێکی تری گرتە بەر بۆ تیکدانی دەوڵەتی عوسمانی، ئەویش شێوازی ئاژاوەی ناوخۆ بوو، شۆڕشی بە مەسیحیەکانی مۆرە کرد لە دژی عوسمانیەکان، وکەشتیگەلی ڕوسی ڕووی کردە مۆرە بۆ یارمەتی شۆڕشەکە، بەلام تێک شکێنرا، بەلام ھەندێک لە کەشتیگەلەکانی کە دەرچوون توانیان بەشێکی گەورەی کەشتیگەلی عوسمانی بسوتێنن، دواتر ڕۆیشتن بۆ داگیرکردنی دوورگەی لمنۆس، ھیزی دەریای عوسمانی ناچاری گەڕانەوەیان کردن وشۆڕشەکەی مۆرەیان کپکرد.
دوای نەخۆش کەوتنی سوڵتان مستەفای سێیەم عەبدول حەمیدی برای حوکمی گرتە دەست و شەڕ بەردەوام بوو لە نیوان ڕوس و عوسمانیدا تا ھەردوولا لەسەر ئاگربەست ڕێکەوتن لە بەرامبەر چەند خاڵێک لە بەرژوەندی ڕوسیا، کە گرنگترینیان، حەقی ڕوسیا بوو لە پاراستنی ھەموو مەسیحیە ئەرسەدۆکسیەکانی دەوڵەتی عوسمانی. لە ساڵی ١٧٧٨ز سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم وەفاتی کرد.


كۆتايي بەشي يەكەم

الرجوع الى أعلى الصفحة اذهب الى الأسفل
https://ashti.yoo7.com
 
ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ( بەشي يەكەم )
الرجوع الى أعلى الصفحة 
صفحة 1 من اصل 1

صلاحيات هذا المنتدى:لاتستطيع الرد على المواضيع في هذا المنتدى
مەکۆى ئاشتى :: مێژوو :: مێژووى ناوداران-
انتقل الى: